دەزگای ڕاگەیاندنی سعودیە: پاشای سعودیە دوای ' چاکبوونەوەی ' سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی حکومەت دەکات

دەزگای ڕاگەیاندنی سعودیە بڵاویکردەوە ڕۆژی سێشەممە پاشای سعودیە لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی حکومەتەکەی کردووە، ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی پاشای سعودیەیە لە دوای ئەوەی پێشتر لەم مانگەدا کۆشکی شاهانە ڕایگەیاند کە توشی هەورکردنی سیییەکانی بووە.

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی سعودیە وتی لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پاشا سەلمان " سوپاسی کوڕ و کچەکانی و هەموو هاووڵاتییانی شانشینەکەی کردووە لەسەر نزاکانییان " لە ماوەی چاکبوونەوەیدا.

دەزگاکە وتی " هەروەها سوپاسگوزاری خۆی دەربڕیوە بۆ هەموو ئەوانەی کە هیوای تەندروستییەکی باشییان بۆ خواستووە."

وتیشی شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان و وەزیرانی کابینەکە " ستایش و سوپاسی خودایان کردووە لەسەر چاکبوونەوەی پاشا."

کۆبوونەوەکو نزیکەی 10 ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە کۆشکی شاهانە ڕایگەیاند پاشای سعودیە توشی هەوکردنی سییەکان بووە و لە ڕێی وەرگرتنی دەرمانی دژە هەوکردنەوە چارەسەر وەردەگرێت."

پێشتریش لە بەیاننامەیەکدا وتی پلەی گەرمی لەشی بەرز بووەتەوە و توشی ئازاری جومگەکانی بووە.

لە ساڵی 2015 ەوە پاشا سەلمان پاشایەتی وڵاتەکە دەکات، بەڵام شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان فەرمانڕەوایی وڵاتەکە دەکات.

سعودیەی گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، چەندین ساڵە هەوڵیداوە گومانەکانی سەر تەندروستی پاشا سەلمان ڕەت بکاتەوە، بە دەگمەن باس لە باری تەندروستی پاشا کراوە.

بەڵام کۆشکی پاشایەتی لە مانگی چواردا ڕایگەیاند کە پاشا سەلمان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەتی پاشا فەیسەڵ بۆ ئەنجامدانی " پشکنینێکی ڕۆتینی." هەر لەو ڕۆژەدا نەخۆشخانەی جێهێشتووە.

پێش ئەوە، دوایین جار گواسترابێتەوە بۆ نەخۆشخانە لە مانگی پێنجی ساڵی 2022 دا بوو کاتێک کۆلۆنسکۆپی بۆ کرا و زیاتر لە هەفتەیەک لە نەخۆشخانە مایەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس