سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن، لە گوتارێکدا بۆ یادی بیست ساڵەی هێرشە تێرۆریستییەکانی 11 ی سێپتەمبەری 2001 ، هەوڵی دا روونیبکاتەوە ئەو توندڕەوانەی هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەی و نزیکەی سێ هەزار کەسیان کوشت نوێنەرایەتی ئاینی ئیسلام ناکەن.
لە گوتارە تەلەفزیۆنییە تۆمارکراوەکەدا کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، بایدن گوتی دوای یانزەی سێپتەمبەر، "شایەتی بینینی هێزی تاریکی سرووشتی مرۆڤ بووین: ترس و کینە و توندوتیژی بەرامبەر موسڵمانە ئەمریکییەکان کە شوێنکەوتووی ڕاستەقینە و باوەڕداری ئاینێکی ئاشتیخوازان."
ڕۆژی یانزەی سێپتەمبەر بایدن و هاوسەرەکەی ماسکی ڕەشیان پۆشیبوو کاتێک لە نیویۆرک بەشداری ڕێورەسمی یادکردنەوەی هێرشەکانیان کرد لە نزیک ئەو شوێنەی کە پێشتر تاوەرەکانی بازرگانی جیهانی لێبوون. ئەو تاوارانە لە ڕێگەی دوو فڕۆکەوە، کە هەڵگری سەرنشینی مەدەنی بوون، هێرشیانکرایە سەر و رووخێندران.
لە کۆی ئەو هەژدە تێرۆریستەی هێرشەکانیان ئەنجام دا، پانزە کەسیان هاوڵاتی عەرەبستانی سعودییە بوون. ئوسامە بن لادن، ئەندازیاری هێرشەکە، بە هەمان شێوەیە هاوڵاتی ئەو وڵاتە بوو کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکادا لە پاکستان کوژرا.
پێش بایدن، سەرۆکی دیکەی ئەمەریکا بە هەمان شێوە ئیسلامیان بە "ئاینی ئاشتی" وەسفکردووە.
سەرۆکی پێشوو جۆرج دەبلیو بۆش چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکان لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ ئەمریکییەکان گوتی، " ڕووخساری تیرۆر باوەڕی ڕاستەقینەی ئیسلام نییە. ئیسلام تەنیا ئەوە نییە. ئیسلام ئاشتییە. ئەم تێرۆریستانە نوێنەرایەتی ئاشتی ناکەن. نوێنەرایەتی بەدکاری و شەڕ دەکەن."
دوای بوش، باراک ئۆباما بوو بە سەرۆک. لە سەردەمی ئەودا، ڕەخنەیەکی زۆر لە ئۆباما گیرا بۆچی زاراوەی " تێرۆریزیمی ئیسلامی" بەکارناهێنێت بۆ ئاماژەکردن بە چەکدارەکانی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش.
لە دیدارێکدا مانگی سێپتەمبەری 2016 لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، ئۆباما ڕوونیکردەوە بۆچی ڕەتیدەکاتەوە زارەوەکە بەکاربهێنێت. گوتی، "ئەگەر رێکخراوێکی [مەسیحی] بێت و خەڵک بکوژێت و بتەقێنێتەوە و بڵێت "ئێمە پێشەنگی مەسیحیەتین." وەکو مەسیحییەک، ڕێگەیان پێنادەم خۆیان بکەن بە خاوەنی ئاینەکەم و پێیانبڵێم 'ئێوە بۆ مەسیح خەڵک دەکوژن."
بەڵام دوای ئۆباما، سەرۆک ترەمپ چەندین جار زاروەی "تیرۆریزیمی ئیسلامی" بەکارهێنا.