ئەو تێرۆریستانەی ئەلقاعیدە، پێشتر لە ئەمەریکا بوون، سوودیان لە دەرفەتە کراوەکانی ناو ئەمەریکا بینی و ژمارەیەکیان وەک خۆئامادەکردن بۆ ئەو هێرشانە کە نزیکەی 3 هەزار کەسیان لەناو خاکی ئەمەریکادا کوشت، چووبوونە خولی تایبەتی فڕۆکەوانییەوە.
ڕۆژی یازدەی سێپتەمبەری ساڵی 2001 ، تێرۆریستانی ئەلقاعیدە 4 فڕۆکە دەڕفێنن.
نۆزدە تێرۆریستی ئەلقاعیدە هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سێپتەمبەریان ئەنجامدابوو دابەشبووبوون بەسەر چوار دەستەدا، لە هەر یەکێک لەو دەستانەدا بەلانی کەم یەکێکیان خولی فڕۆکەوانی بینیبوو، تا لە کاتی ڕفاندنی فڕۆکەکاندا بتوانێت کۆنترۆڵی ئاڕاستەی ڕۆیشتنی فڕۆکەکە بکات.
موحەمەد عەتا هاوڵاتی میسری، سەرۆکایەتی هەر نۆزدە تێرۆریستەکەی دەکرد و خولی فڕۆکەوانی بینیبوو و لەگەڵ عەبدولعەزیز ئەلعومەری و وائیل ئەلشەهری و وەلید ئەلشەهری و سەطام ئەلسوقامی کە هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە بوون و لە گەشتی ئاسمانی ژمارە 11 ی هێڵی ئاسمانی ئەمێریکان ئێرلایندا بوون.
دەستەی دووهەمیش لە گەشتی ژمارە 175ی هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلاین، بریتیبوون لە فایز بن حەماد و مەروان بن ئەلشەحی، کە هاوڵاتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بوون و ئەحمەد ئەلغامدی و حەمزە ئەلغامدی، موهەنەد ئەلشەهری هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە بوون.
دەستەی سێهەم بریتیبوون لە پێنج هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە و لە گەشتی ژمارە 77ی هێڵی ئاسمانی ئەمێریکان ئێرلایندا بوون و ئەوانیش هانی حەنجور، نەواف ئەلحازمی و سالم ئەلحازمی و خالید ئەلمحزار و ماجد موقد، بوون
دەستەی چوارهەمیش لە گەشتی ئاسمانی ژمارە 93 ی هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلایندا بوون، بریتیبوون لە چوار کەس سەعید ئەلغامدی و ئەحمەد ئەلحزناوی و ئەحمەد ئەلنوعمی، ئەم سیانەیان هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە بوون و هەروەها زیاد جەڕاح هاوڵاتی لوبنان بوو.
تێرۆریستان دوو فڕۆکە ڕفێندراوەکەی گەشتی ژمارە11 و گەشتی ژمارە 175دەدەن بە باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی جیهانیدا لە شاری نیویۆرک و فڕۆکە ڕفێندراوەکەی گەشتی ژمارە 77 دەدەن بە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا "پەنتاگۆن" لە ناوچەی ئاڕلینگتۆن لە ستانی ڤێرجینیا، فڕۆکە ڕفێندراوەکەی چوارهەمیش ئەوەی گەشتی ژمارە 93، بەڕێوەدەبێت بەرەو واشنتۆنی پایتەخت، وەک دەگوترێت دەشێت ڕفێنەرە تێرۆریستەکان وەهایان دانابێت فڕۆکەکە بدەن بە باڵەخانەی کۆنگرێسدا یانیش بە کۆشکی سپیدا بەڵام سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە بەرەنگاری تێرۆریستەکان دەبنەوە و فڕۆکەکە لە ناو ستانی پەنسلڤانیا دەخەنە خوارێ و بەم کارەشیان ڕێگر دەبن لەوەی تێرۆریستەکان پیلانی چوارهەمی خۆیان بپێکن.
یازدەی سێپتەمبەر ڕۆژێکی ئاسایی نییە لای ئەمەریکاییەکان و لە زۆر ڕەهەندەوە هاوشێوەی ڕووداوەکانی پێرڵ هاربەر سەیری دەکرێت کە ئەمەریکای ڕاکێشایە ناو دووهەم شەڕی جیهانییەوە.
ئەم هێرشە تێرۆرکارییەی یازدەی سێپتەمبەر، وەرچەرخانێکی گەورەی لە جیهاندا دروست کرد، ئەم وەرچەرخانەش بە ئەندازەیەک بوو کە مێژووی لێک جیا کردەوە و سەروەختەکانی پێش و پاش یازدەی سێپتەمبەری هێنایە ئاراوە.
یازدەی سێپتەمبەر ئەمەریکای بردە ناو شەڕێکی ناچاریەوە لە ئەفغانستاندا.
تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە، بنکەی لەو وڵاتەدا بوو و تاڵیبانی ئەو کاتەش پشتیوانییەکی سەرسەختانەی دەکرد لە ئەلقاعیدە.
دوای هێرشە لەشکرییەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، ڕژێمی ئەوکاتەی تاڵیبان ڕوخا و چەکدارەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدەش ڕایانکردە ناوچە شاخاویەکانی تۆرابۆرا.
بەهۆی ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکا دژی ئەلقاعیدە و تاڵیبانی ئەوسا بەکاریدەهێنان، وردە وردە توانایی چەکداریی و دارایی ئەلقاعیدە ڕوو لە کزی بوو.
پاش 10 ساڵیش لە هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر و گەڕان بە شوێن ئوسامە بن لادن، ڕێبەری ئەلقاعیدەدا، سەرۆک براک ئۆباما ڕایگەیاند ڕۆژی 1ی مانگی 5 ی ساڵی 2011 هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا، ئوسامە بن لادنیان کوشتووە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی ئەبوتئاباد لە پاکستان.
دەشێت بڵێین گەورەترین پەرەسەندن لەم قەیرانەدا لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا بڕیارەکەی سەرۆک جۆو بایدن بووبێت بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و هەروەهاش کۆتاییهێنان بە شەڕی بیست ساڵەی ئەفغانستان
نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت پێشتر سەرۆک براک ئۆباما چەند بڕیارێکی هەبوو بۆ کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا، دواتریش سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە یەکێک لە وتارەکانیدا هاوکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی دوو هەزار و شازدەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هاوڕایە لەگەڵ بڕیارەکەی سەرۆک ئۆبامادا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.
دواتر بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ڕێککەوتنێکیشی لەگەڵ تاڵیباندا مۆرکرد و یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەو ڕێککەوتنە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمەریکا بوو لە بەرامبەریشدا هەنگاوەکان لە نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا دەستپێبکەن بۆ هێنانە ئارای ئاشتی و سەقامگیری لەو وڵاتەدا
کۆبوونەوەکان لە دۆحە پایتەختی قەتەر درێژەیان هەبوو بەڵام بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ لەو کۆبوونەوانەی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا نەدەبینرا، هەر چەندە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی بە هەزاران دیلی تاڵیبانی ئازاد کرد و تاڵیبانیش سەدان ئەفسەر و سەرباز و کارمەندی ئاسایشیی سەر بە حکومەتی ئازادکرد ئەمەش بۆ نیشاندانی نیازپاکی هەردوولا بوو لەو کۆبوونەوانەدا.
سەرۆک بایدن لە وتارەکانیدا داکۆکییەکی بەهێزی دەکرد لە بڕیاری کشانەوە هەرچەندە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆریش بۆتەوە لەسەر ئەو بڕیارە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت "نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر چوینە ئەفغانستانەوە و ئامانجەکانیشمان ڕوون و ئاشکرا بوون؛ لەناوبردنی ئەوانەی ڕۆژی یازدەی سێپتەمبەری ٢٠٠١ هێرشیان کردە سەرمان و دڵنیابوون لەوەی ئەلقاعیدە نەتوانێت ئەفغانستان وەک بنکەیەک بەکاربهێنێت تا هێرش بکاتەوە سەرمان. ئەوانەمان کرد، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەلقاعیدەمان وێرانکردووە لە ئەفغانستان، هەرگیز دەستبەرداری دەستگیرکردنی بن لادن نەبووین و لەناویشمان برد. ئەوە دە ساڵ لەمەوبەر بوو."
سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی ئەو ڕەخنانەش دەداتەوە کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە بە تایبەتی لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و نەهێشتنی دەرفەتەتەکانیش بۆ گەشەکردنی دیموکراسی لەو وڵاتەدا و دەڵێت
"ئەرکی ئێمە لە ئەفغانستان هەرگیز بۆ دروستکردنی وڵات نەبووە. هەرگیز بۆ پێکهێنانی دیموکراسییەتێکی یەکگرتووی نێوەندی نەبووە. تەنها بەرژەوەندی گرنگی نیشتمانی ئێمە لە ئەفغانستاندا، ڕێگەگرتن بووە لەوەی هێرشی تێرۆرکاری بکرێتە سەر خاکی ئەمەریکا؛ هەمیشەش هەر ئەوە بووە. چەندان ساڵە قسەم لەسەر ئەوەیە کە پێویستە ئەرکەکەمان ڕێک و ڕەوان بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم بێت نەک بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوون و دروستکردنی وڵات."
دەستبەجێ پاش ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان شەپۆلێکی کوشتنی بە مەبەست لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستیپێکرد، هەر زوو بە زوو دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لۆمەی ئەم شەپۆلی کوشتنانەی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی سیڤیلیان خستە ئەستۆی تاڵیبان و لەو کاتەوە دەیان ڕۆژنامەوان و چالاکوانی کە بە دڵی زیندووی میدیا و کۆمەڵگەی سیڤیل دادەنران لە ئەفغانستان کوژراون یان بریندار کراون و یانیش ڕفێندراون و بێسەروشوێن کراون.
ئەمانە هەموو بێ لەوەی نیگەرانییەکی قوڵ و ترسێکی گەورەش لای ژنانی ئەفغانستانیش دروست بوو نیگەرانی لەوەی تەواوی ئەو بەرەپێشچونانەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێنابوو هەمووی لەناو بچێت و ترسیش لەوەی جارێکی تر هاوشێوەی 5 ساڵی فەرمانڕەوایەتی پێشووی تاڵیبان لە ساڵی 1996 تا 2001 جارێکی تر ژنان و کچان بکەونەوە ژێر چەپۆکی هەموو جۆرە سەرکوتکارییەکانی تاڵیبانەوە لە کوشتنەوە بیگرە تا دەگاتە پێشێلکردنی سادەترین مافەکانیان.
ئەم نیگەرانیانە لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش هاتۆتە ئاراوە و بە تایبەتیش لای هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاوە وەک یەکێتی ئەوروپا.
جۆسیپ بۆررێڵ، بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ئەم کشانەوەیە گومانێکی زۆری خستۆتە سەر تەواوی ئەو کارانەی لەسەر بنچینەی بەها ڕۆژئاواییەکان کراون لە ئەفغانستاندا و دەڵێت "ئەوەی ڕوویدا، پرسیار و گومانێکی زۆری دروستکردووە لەسەر بە فیڕۆدانی 20 ساڵی بەشداریکردن لە وڵاتێکدا و هەروەهاش سەبارەت بەوەی چیمان بەدەست هێنا. وەک لە بیرمە، ئامانجی یەکەم بەرەنگاربوونەوەی ئەلقاعیدە بوو بەهۆی هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەرەوە، بە قۆناغ بە قۆناغ، خواستی گشتی گۆڕدرا بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن لە ئەفغانستان. ئەو ڕۆژە سەرۆک بایدن وتی هەرگیز پێکهێنانی دەوڵەت ئامانج نەبووە. ئەمە قسە هەڵدەگرێت و کارێکی زۆر کرا بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی ئەفغانستان."
یەکێک لە سیاسەتمەدارە دێرینەکانی ئەوروپا لەو بڕوایەدایە ناکرێت هەر تەنها لە ڕەهەندی ئەفغانستانەوە لەم کشانەوەیە بڕوانرێت.
شیکەرەوە و پسپۆڕانی بواری ئاسایشیش بە گەشبینییەوە ناڕواننە پەرسەندنی ڕووداوەکان و پێیانوایە وەک ئاماژەی پێدەکەن ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لەناوبردنی ئەلقاعیدە بوو هەروەها ئەرکە سەرەکییەکەی بوو، دەشڵێن، بەڵێ ئەلقاعیدە بچوک کراوەتەوە و شکستی پێهێنراوە، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی تاڵیباندا لەم دواترین پەرەسەندنانەی ئەفغانستاندا دەشێت و شیانێکی بەهێزیشە دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەلقاعیدە بێتە ئاراوە.
تۆنی بلێر سەرەک وەزیری پێشووی بەریتانیا دەچێتە پاڵ ئەو ڕایەی کە جەخت دەکاتەوە لە ئەگەرەکانی بوژانەوە و جارێکی تر سەرهەڵدانەوەی ئەلقاعیدە.
تۆنی بلێر سەرەک وەزیری پێشووی بەریتانیا دەڵێت "ئەم کشانەوەیە هەر تەنها سەبارەت بە گەلی ئەفغانستان نییە، سەبارەت بە ئێمە و ڕەوشی ئاسایشی ئێمەشە، چونکە ئێستا ئەم گروپەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە بۆ دەسەڵات. تاڵیبان ئەلقاعیدە دەپارێزێت و پشتیوانی دەکات، دەوڵەتی ئیسلامیت هەیە لەو وڵاتەدا. دەزانی کاتێک سەیری جیهان دەکەیت ئەوانەی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو ڕەوشەی ئەفغانستان دەردەبڕن، ئەوانەن کە دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوان."
ئەم سیاسەتمەدارە دێرینەی بەریتانیا و ئەوروپاش داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لە وڵاتانی ڕۆژئاواش دەکات تا بەرنامەڕێژییەکی نوێ بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی شیانیان هەن ڕووبەڕووی ئاسایشی وڵاتەکانیان ببنەوە.
تۆنی بلێر سەرەک وەزیری پێشووی بەریتانیا دەڵێت "پێویستە ئێمە لە ڕۆژئاوا بڕیار بدەین؛ ئایا ئەم هەڕەشە و مەترسیانەی ئیسلامی ڕادیکاڵی، پێویستی بەوەیە وابەستەییەکی درێژخایەنی ستراتیژیمان هەبێت بۆ شکست پێهێنانی؟ ئەگەر بڕوامان بەوە نییە، ئەوا باشە، بەڵام من ئێستا کە سەیری جیهان دەکەم، ئەو هەڕەشە و مەترسیانە هەر ماون. ئەو ڕێکخراوە ڕادیکاڵیانە زیاتربوون. زۆر ناوچەی جیهان بەهۆی ئەو ڕێکخراوانەوە ناجێگیرن. من بۆخۆم پێموایە بەرژەوەندیمان لەوەدایە وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیشمان، بە توندی بەرپەرچی ئەو مەترسییە بدەینەوە."
تۆنی بلێر، سەرەک وەزیری پێشوی بەریتانیا ئاماژەش بەوە دەکات توندڕەوی هەر توندڕەوییە، جا لەهەر سەرچاوەیەکەوە بێت و دەڵێت
"ئەم ئایدیۆلۆژیەتە، جا ئەو شیعەگەراییە بێت کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەریهەڵداوە، یان ئەو سوننەگەراییە بێت کە ڕێکخراوەکانی وەک ئیخوانولموسلمین و ئەلقاعیدە و داعش و بۆکۆ حەرام و ئەوانی تریش بانگەشەی بۆ دەکەن، هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکاشدا، هاوشێوەی کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕی کار لەسەر بوار و ڕەهەندی جۆراوجۆر دەکات. شکست پێهێنانی ئەم ئایدیۆلۆژیەتە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیەکاندایە بە هەردوو هێزی دیپلۆماسی و لەشکریشەوە."
ئەڵبەتە ئەمە هەر تەنها ڕای تۆنی بلێر نییە و زۆرێک لە شیکەرەوە ئەو جۆرە ئاگاهییەیان داوە بە گوێی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا. گەورە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێن پێویستە دڵنیایی هەبێت پاش گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان کە جارێکی تر ئەو وڵاتە نابێتەوە مۆڵگە یان شوێنی داڵدەدانی تێرۆریستانی ئەلقاعیدە یان داعش یان هەر ڕێکخراوێکی تری کار لەسەر ئایدیۆلۆژیای ڕق و کینە دەکات
ڤلادمیر ڤۆرۆنکۆڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی یو ئێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم دەڵێت "پێویستە دڵنیابین لەوەی هەرگیز جارێکی تر ئەفغانستان وەک زەمینەیەک بەکارنەهێرێت لەلایەن تێرۆریزمی جیهانییەوە. لەسەر ئاستی جیهان، لەم شەش مانگەی ڕابردوودا، داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و نیگەرانییەکی گەورە و قوڵی دروستکردووە. داعش سودی لەو پشێوی و ئاڵۆزی و کەمبوونەوەی گەشەکردنەکان بینیوە کە لە ئاکامی پەتای کۆرۆناوە دروستبوون تا خۆی ڕێکبخاتەوە و جموجۆڵەکانی خۆی لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و لە ژمارەیەک وڵاتیشدا زیاتر بکات، وەک ئەفغانستان."
لەگەڵ ئەوەشدا کە بیست ساڵ بەسەر هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سێپتەمبەردا تێپەڕ دەبێت و هاوپەیمانێتییەکی نێونەتەوەییش پێکهێنرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تێرۆریزم و لەناوبردنیشی؛ بەڵام هەرگیز هەست نەکرا بەوەی پێناسەیەکی هاوبەش بۆ تێرۆریزم هەبێت لە نێو وڵاتانی جیهاندا، بە تایبەتیش لە ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆسێی تێرۆریزم بۆ مەبەستی سیاسی و لێدانی نەیارەکان بەکارهێنراوە.
بیست ساڵ بەسەر هێرشە تێرۆریستییەکانی یازدەی سەپتێمبەردا ڕەت دەبێت و هێشتاش توندڕەویی ئاینی برەوی هەیە و تێرۆریزمی ئیسلامیش لە شێوازی نوێدا هێزی دڕندانەی خۆی لە جیهاندا نومایش دەکات.
کوژرانی ئوسامە بن لادن ڕێبەری ئەلقاعیدە و ئەبو موسعەب ئەلزەرقاوی و ئەبوبەکر ئەلبەغدادی و دەیان و بگرە سەدان گەورە تێرۆریستی وەک ئەوان نەبوونە مایەی ڕاگرتنی ئەو ئایدیۆلۆژیەتی ڕق و کینەیەی ئەوانە و نمونەکانیان بڵاویان دەکردەوە. دەکرێت بە سادەییش بگوترێت، هێشتا شوێنکەوتووانی تێرۆریزمی ئاینی مایەی مەترسیین بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگەکان لە جیهاندا.
زۆرێک گوێمان لەوەبوو کە پێویستە لە بەرامبەر توندڕەویی ئیسلامیدا، پەرە بە گوتاری میانڕەویی ئیسلامی بدرێت و ئەم گوتارە ببێتە وتارێکی تۆکمەی بەرەنگاربوونەوەی خوێنڕشتنەکانی توندڕەویی ئیسلامی.
میانڕەوانی ئیسلامی دەڵێن ئاینی ئیسلام بە هەردوو ئاینزاکەیەوە دژی توندڕەوییە و تێرۆریزمیش ڕەت دەکاتەوە و دەشڵێن هەرگیز نابێت ئاین بۆ مەبەستە تایبەتییە سیاسی و ئابورییەکان بەکاربهێنرێت. بەڵام هێشتاش ئەوەی جێی پرسیارە پاش بیست ساڵ لە هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سێپتەمبەر ئەوەیە بۆچی ئەم گوتاری میانڕەوییە ئاینییە نەیتوانیوە جێ بە تێرۆریزمی ئاینی لەق بکات و واعیزەکانی توندڕەوی بێدەنگ بکات!؟ لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرێک لە ڕێکخراوە خوێنڕێژە توندڕەوەکانی وەک ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لاوازکراوان بەڵام ئایا ئەو سیاسەتانەی لە پشت دروستبوونی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکانەوەن لاواز بوون!؟