ماوەی چەند مانگێکە کەمپینێک بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی دەوروبەری ڕاگەیەنراوە، لەئێستادا ئەندامانی کەمپینەکە، سەرقاڵی ئیمزا کۆکردنەوەن و چەندین هەزار ئیمزاشیان کۆکردووەتەوە، بڕیارە دواتر ئیمزاکان ڕادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی.
لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەیار مولازم عومەر سەرپەرشتیاری کەمپینەکە و خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی دەوروبەری، ئاماژەبەوەدەکات لامەرکەزیەت بۆ پارێزگای سلێمانی گونجاو نیە، چونکە حکومەت پارەی نەماوە تا دابەشی بکات، حکومەت قەرزارە و دەیەوێت هەموو پارێزگاکان بەشداربن لە دانەوەی قەرزەکانیدا، دەڵێت"پارێزگاکانی سلێمانی و ئیدارەکانی دەوروبەری پەراویزخراون، لەکاتێکدا چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەهەولێر و دهۆک ئەنجام دراون، ئێمە وەکو سلێمانی نامانەوێت تەنها لەدانەوەی قەرزدا شەریک بین، بەڵکو دەبێت لەخۆشی و ناخۆشیدا بەشداربین."
ڕەخنەی ئەوە لەکەمپینی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی دەگیرێت، بەوەی هەوڵەکانیان دەچێتە چوارچێوەی خزمەت کردن بە لەتکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەیار مولازم عومەر جیاوازتر لەمەسەلەکە دەڕوانێت، پێیوایە بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی هەرێم، چونکە لەڕووی ئابووریەوە کێبەرکێی بونیاتنەرانە دروست دەبێت، سەرەتایەکی باشیش دەبێت بۆ دروست کردنی دەوڵەت، بەتایبەت دەوڵەت پێویستی بە بنەمای ئابووری بەهێز و برەودانە بە کەرتەکانی ئابووری و کشتوکاڵی و گەشتوگوزار، دەڵێت"دەوڵەت بە هەڵای ئیعلامی دروست نابێت، گەر بتوانین بەهەرێمکردنی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکوک، بکەینە ئەمری واقیع، چۆن ئیمارات لەیەکگرتنی چەند هەرێمێکدروست بووە و بووەتە وڵاتێکی بەهێز، ئێمەش دەتوانین لەڕێگەی ئەم پارێزگایانەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەند و بەهێز دروست بکەین."
هەولێر و دهۆک لەڕووی دەسەڵاتەوە لەژێر کۆنترۆڵی پارتی و سلێمانیش لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدایە، کەرکوکیش عێراق تێیدا باڵادەستە، سەبارەت بەوەی ئەم بیرۆکەیە و قایلکردنی ئەو هەموو هێزە بیرۆکەیەکی واقیعیە، یان جۆرێکە لە خەیاڵ پڵاوی، سەرپەرشتیاری کەمپینی بەهەرێم کردنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت"هەموو پرۆژەیەک لەبەردەم دوو سیناریۆدایە، گەر سەربگرێت، باشترین بژاردەیە بۆ سلێمانی، چونکە وەکچۆن قەتەر لە وڵاتێکی وشک و برینەوە و بەهۆی غازەوە، بووەتە یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان، ئێمە نەک غاز، نەوت و کشتوکاڵ و گەشت و گوزار و داهاتی ناوخۆ و گومرگیشمان هەیە، گەر سەریشنەگرێت، کارتێکی فشار دەبێت بۆ ناچارکردنی هەولێر و بەغدا، تا ئاوڕ لەسلێمانی بدەنەوە."
بەیار مولازم عومەر، ئاماژەی بەوەشکرد جەماوەری یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پرۆژەی بەهەرێم کردنی سلێمانیدان، بەڵام سەرکردەکانیان لەگەڵی نین، چونکە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان لەهەولێرە، ناشکرێت دوو ملیۆن کەسی دانیشتووی سلێمانی، باجی کۆمەڵێک سیاسی بدات، کە سەرمایەیان لەهەولێر خستووەتەگەڕ.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆدا بۆ پرۆژەی بەهەرێم کردنی سلێمانی، ڕایگەیاند: سنوری سلێمانی بای ئەوەندە داهاتی نیە، بتوانێت خۆی بژێنێت. لە وەڵامدا بەیار مولازم عومەر ئاماژەبەوەدەکات ئەو زانیاریانە دروست نین، ڕاستە 11% ی بەرهەمهێنانی نەوت لەسلێمانیە، بەڵام 65%یەدەگی نەوت و 80% یەدەگی غاز لەم دەڤەرەیە، بەڵام کەمترین وەبەرهێنانیان تێدا کراوە، یەکێتی و گۆڕان لاوازن، پارتیش لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە، وەبەرهێنان لە سامانی سروشتی ئەم دەڤەرە ناکات، ئێمە لەڕێگەی پارەی پترۆ دۆلارەوە، دەتوانین کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیژی دروست بکەین، پرۆژەکان بکەینە بناغەیەکی ئابووری بەهێز بۆ ئەم دەڤەرە، گەر بنەمای ئابوری بەهێزمان هەبوو، دراوسێکانمان ناتوانن لەڕێگەی داخستنی دەروازەکانەوە بمانخنکێنن.
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەیار مولازم عومەر سەرپەرشتیاری کەمپینی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی، ڕەتیکردەوە پرۆژەکەی ئەوان بەشێک بێت لەو پرۆژەیەی بەرپرسانی یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکەن، کە پرۆژەی لامەرکەزیەتە، وتی"لامەرکەزیەت واتە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لەهەولێرەوە بۆ ناوچەکان، ئەمە گرفتی تێدایە، حکومەت پارەی نەماوە تا بیدات، ئینجا پارتی زۆرینەیە لەنێو پەرلەمان، ناهێڵێت هیچ یاسایەک هەموار بکرێتەوە و بخرێتە خزمەتی لامەرکەزیەتەوە، کەواتە پرۆژەکەی یەکێتی لە بنەماوە نەزۆکە."
Your browser doesn’t support HTML5