منداڵان له خۆڵ و خاشاک کاری هونەری ئەنجام دەدەن

له چوارچێوەی چالاکیەکی گروپی ئاشتی و پێکەوەژیان لە شاری سلێمانی که له چەند خوێندکارێک پێکدێت، منداڵان له ڕەگەز و تەمەنی جیاواز هەستان به کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و دواتریش بەکارهێنانی هەندێک لەو خاشاکانه له کاری هونەریدا.

سەفین قەراجیانی، خاوەنی بیرۆکەی ئەم پێشانگا هونەرییه له لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی که ئەوان هەستاون بە کۆکردنەوەی منداڵان لە خوێندنگا نمونەیی و حکومییەکان و هاوکاریان بوون تاکو بەشدار بن لە پڕۆژەیەکی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک.

هەروەها وتیشی کە دواتر هەستاوین بە دابینکردنی کانڤانس و ئەترلیک و منداڵەکان هەر لەو پارچانەی کە کۆیانکردبووەوە کاری هونەرییان لێ درووستکرد و لە پێشانگایەکدا کارەکانیان نمایشکرد.

ناز ڕەشید بەخێوکاری یەکێک لە منداڵە بەشداربووەکانی پێشانگاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە کار و چالاکی لەم شێوەیە یارماتی منداڵەکانیان ئەدات هەستی بەرپرسیارییەتییان بۆ درووستببێت.

ڕێکخراوی ئاشتی و پێکەوەژیان ڕێکخراوێکی سەربەخۆییە کە لە کۆمەڵێک خوێندکار پێکدێت و لە سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا چالاکی ئەنجام دەدەن.