سلۆڤینیا: ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەبێت پشتیوانی لە یەکخستنی وڵاتانی ڕۆژئاوای باڵکان بکەن

سەرۆکی سلۆڤینیا بۆروت پاهۆر

سەرۆکی سلۆڤینیا بۆروت پاهۆر دەڵێت بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە وڵاتانی ڕۆژئاوای باڵکان لەمەترسی ناجێگیریدان و داواشی کرد بەخێرایی پشتیوانی لە بۆسنە بکرێت بۆ چوونەپاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە.

پاهۆر لە کۆڕبەندێکدا وتی بڕۆکسل دەبێت بگات بە کۆدەنگییەک لەسەر یەکخستنی وڵاتانی ڕۆژئاوای باڵکان و دەبێت سڕبیا ڕازی بکات ڕێگەی یەکێتی ئەوروپا بگرێتەبەر وەک لە هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ چین و ڕووسیادا. وتیشی ئەو هەنگاوە سوودی بۆ بۆسنە و کۆسۆڤۆ دەبێت.

وەزیری دەرەوەی سلۆڤینیا تانیا فایۆنیش لە سلۆڤینیا بە کۆڕبەندی بلێد ستراتیجیکی گوت " پەردەیەکی ئاسنی دیکەمان لە ئەوروپا ناوێت." گوتیشی پڕۆسەی یەکخستنی ئەوروپا کە چەند دەیەیەکە هەوڵی بۆ دەدرێت بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە ڕاگیراوە و زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا توانای ئەوەیان نیە خۆیان لەگەڵ قەیرانەکانی جەنگەکەدا بگونجێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز