دەزگاکانی ڕاگەیاندن: ئاگرێکی بچووک لە بینای وەزارەتی بەرگری ڕووسیا کۆنتڕۆڵ کراوە

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا بڵاوییان کردەوە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ ماوەیەکی کورت ئاگرێک لە بینایەکی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا کەوتۆتەوە لە ناوەڕاستی مۆسکۆدا.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت دوکەڵێکی چڕی ڕەش لە بارەگای وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە لە شەقامی زنامینکا لە مۆسکۆ بەرز دەبێتەوە، بارەگاکە دەکەوێتە نزیک کرێملنەوە.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی وتی بە ماوەیەکی کەم ئاگرە بچووکەکە کوژێندراوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە " نزیکەی کاتژمێر 19:30 خولەکی ئێوارە، کارمەندەکان دوکەڵییان بینیوە لە یەکێک لە بینا بەڕێوبەرایەتییەکانی وەزارەتی بەرگری لە مۆسکۆ. بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە و وەزارەتی باری نائاسایی هاتوونەتە شوێنەکە."

دەزگای هەواڵی تاس لە زاری خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکانەوە بڵاویکردەوە ئاگرەکە شوێنێکی 60 مەتر چوارگۆشەیی گرتۆتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز