سەرۆکی سۆماڵ: لانیکەم 100 کەس بەهۆی تەقینەوەکانەوە کوژراون

سەرۆکی سۆماڵ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت بەهۆی تەقینەوەی دوو ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراوەوە لە دەرەوەی وەزارەتی خوێندنی وڵاتەکە لە مەقادیشۆی پایتەخت لانیکەم 100 کەس کوژراون و 300 کەسی دیکە بریندار بوون.

دوای سەردانیکردنی شوێنی تەقینەوەکان، سەرۆکی سۆماڵ حەسەن شێخ محەمەد وتی " خەڵکەکەمان کۆمەڵکوژ کران، بە دایکان و منداڵەکانی ناو باوەشیانەوە، بەو باوکانەشەوە کە کێشەی تەندروستییان هەبووە، بەو خوێندکارانەوە کە نێردرا بوون بۆ خوێندن، بەو خاوەن کارانەشەوە کە کۆشش دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان."

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی سۆماڵ گروپی ئەل شەبابی بە بەرپرس دانا لە هێرشەکە. ئەل شەباب زۆرجار خۆی بە دوور دەگرێت لە ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێی ئەو هێرشانەی کە قوربانییەکی زۆرییان لێدەکەوێتەوە.

یەکەم تەقینەوە لە وەزارەتی خوێندنیدا لە نزیک شەقامێکی قەرەباڵغ لە مەقادیشۆ. دووەم تەقینەوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئوتومبێلەکانی فریاکەوتنی خێرا گەیشتنە شوێنی تەقینەوەی یەکەم و خەڵکەکە کۆببوونەوە بۆ یارمەتیدانی قوربانییەکان.

تەقینەوەکە لە هەمان شوێنی تەقینەوەکەی هەمان مانگی ساڵی 2017 دا ڕوویدا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 کەس. لەو کاتەدا ئوتومبێلێکی بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو لە دەرەوەی هۆتێلێکی قەرەباڵغ لە شەقامی یەکتربڕی کەی 5 تەقییەوە کە ئۆفیسەکانی سەر بە حکومەت و ڕێستۆرانتەکانی تێدایە.

سەرۆکی سۆماڵ وتی ڕەنگە ژمارەی قوربانییەکان زیاتر ببن. فەرمانی بە حکومەتەکەی کردووە دەستبەجێ یارمەتی تەندروستی پێشکەشی بریندارەکان بکەن، هەندێک لە بریندارەکان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز