بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە سۆماڵیلاند لانیکەم 20 کەس کوژران

Somaliland and Puntland map

پزیشکێکی نەخۆشخانەیەکی گشتی دەڵێت بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەرانی دژ بە حکومەت و هێزەکانی ئاسایش لە هەرێمی سۆماڵیلاند لانیکەم 20 کەس کوژراون.

زیاتر لە هەفتەیەکە پۆلیس و سوپای سۆماڵیلاند لەگەڵ خۆپیشاندەرانی لاسکانووددا شەڕ دەکەن، کە شارۆچکەیەکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سۆماڵیلاندەوە، هەریەک لە هەرێمەکانی سۆماڵیلاند و پونتلاند ناکۆکییان لەسەر شارۆچکەکە هەیە. پونتلاند یەکێکە لە هەرێمە نیمچە سەربەخۆکانی سۆماڵ.

موحەمەد فەرەحی پزیشک لە نەخۆشخانەی لاسکانوودی گشتی، بە ڕۆیتەرزی وت لانیکەم 20 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون. وتی لاشەی قوربانییەکانی بینیوە کە هێندراونەتە نەخۆشخانەکەوە.

خۆپیشاندەران داوا دەکەن شارۆچکەی لاسکانوود ڕادەستی هەرێمی پونتلاند بکرێت و هێزەکانی ئاسایش تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی شکستهێنان لە دابینکردنی ئاسایش لە شارۆچکەکەدا.

وتەبێژی خۆپیشاندەرەکان ئادەن جەماک ئۆگل بە ڕۆیتەرزی وت " سۆماڵیلاند بە زۆرەملێ لاسکانوودی داگیرکردووە و شکستی هێناوە لە پاراستنیدا. داوا دەکەین ئێرە جێبهێڵن."

وتیشی " ناتوانین چیتر خوێنڕشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ببینین."

سۆماڵیلاند لە ساڵی 1991 دا لە سۆماڵ جیا بۆوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی بەرفراوانی بە سەربەخۆییەکەیدا دەست نەکەوتووە. هەرێمەکە زۆربەی کاتەکان هێمن بووە، هاوکات سۆماڵ 30 ساڵە شەڕی ناوخۆ بەرۆکی گرتووە.

جێگری سەرۆکی پونتلاند ئەحمەد عیلمی عوسمان کەراش هێزەکانی ئاسایشی بە تۆمەتی توندوتیژی تۆمەتبار کرد.

کەراش بە ڕۆیتەرزی وت " ئەوەی لەلایەن سوپای سۆماڵیلاندەوە ئەنجامدراوە کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی مەدەنییە."

وەزیری ڕاگەیاندنی سۆماڵیلاند سالیبان عەلی کووری لە بەیاننامەیەکدا داوای لە خۆپیشاندەران کرد خۆپیشاندانەکان ڕابگرن و دەست بکەن بە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز