پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، سۆران سەقزی پێشکەشکاری بەرنامەی سەیروسەفەری کەناڵی کوردسات بە گوللـە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، کاتژمێر ٦ی ئێوارەی 8/5/2017، پۆلیس ئاگادارکرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی خۆکوشتن لە شەقامی ١٠٠ مەتری لە کافتریای زێوێ، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو دەرکەوت کەوا (سۆران خەلیل) ناسراو بە (سۆران سەقزی) گوللـەیەکی ناوە بە سنگی خۆیەوە و خۆی کوشتووە.
پۆلیسی هەولێر ڕاشیگەیاند، لەئێستادا دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و تەرمەکەی هەڵگیراوە و ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە، هەروەها ئەم دەمانچەیەش کە ناوبراو خۆی پێ کوشتوە ئێستا لای پۆلیسی بەڵگەی تاوانە.
سۆران سەقزی تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ماوەی چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستاندا ژیاوە، هاوکات لەو ماوەیەدا وەک پێشکەشکاری بەرنامەی سەیروسەفەری کەناڵی کوردسات کاری کردووە.
سەبارەت بە دوادادچوون و وردبونەوە لە رووداوی گیانلەدەستدانی سوران سەقزی؛ ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان محەمەد گۆمەشینی سازکردووە....
محەمەد گۆمەشینی دەڵێت "نە ڕای ئێمە نە ڕای پۆلیس و نە ڕای هیچ دامودەزگایەکی دیکە لێکجیاواز نابێت لەکۆتاییدا کە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە یاساییەکان لەسەر هەر دۆسێیەک تەواو دەبێت و یەکلایی دەبێتەوە".
سەبارەت بە دۆسێی سەردەشت عوسمان و سۆران مامە حەمەو سەرجەم ئەو رۆژنامەنوسانەی کە دۆسیێکانیان داخراون یان دەرئەنجامەکانیان تا ئەڕۆکە گومانیان لەسەرە؛ محمەد گۆمەشینی دەڵێت "بەداخەوە دۆسێی شەهید سەردەشت عوسمان چەند ساڵێک بەرلە دروستبوونی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بووە". هاوکات "دۆسێی سۆڕان مامە حەمەش بەداخەوە کە لەشاری کەرکوک بووە، شاری کەرکوک بەپێی دەستوری عێراق لەچوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نیە، بۆیە ئەم دۆسێیە وەک دۆسێیەکی تاوان هەر لەپۆلیسی کەرکوک و دامودەزگاکانی پۆلیس ماونەتەوە".
دەشڵێت "جیاوازی ئێمە وەک دەستەی مافەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە ئێمە پەلە ناکەین لەلێدوان و قسەکردن لەسەر هیچ دۆسێیەک".
سەبارەت بە دەسەڵاتەکانیان دەڵێت "ئێمە دەسەڵاتمان هەیە بەدواداچون بکەین و چاودێری بکەین".
Your browser doesn’t support HTML5