کۆریای باکوور: ئەگەر کۆریای باشوور هێرش بکات ئەوا کۆریای باکوور بە چەکی ناوەکی وەڵام دەداتەوە

کیم یۆ جۆنگی خوشکی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

کیم یۆ جۆنگی خوشکە دەسەڵاتدارەکەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وتی کۆریای باکوور دژی جەنگە بەڵام چەکی ناوەکی بەکاردەهێنێت ئەگەر کۆریای باشوور هێرش بکات.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە کیم یۆ جۆنگی بەرپرسی باڵای حکومەتەکەی کۆریای باکوور وتوویەتی لێدوانەکانی ئەمدواییانەی وەزیری بەرگری کۆریای باشوور سەبارەت بە تاوتوێکردنی هێرشکردنە سەر کۆریای باکوور " هەڵەیەکی زۆر گەورە " بووە.

ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری کۆریای باشوور سو ووک وتی سوپای وڵاتەکەی موشەکی جۆراوجۆری هەیە و مەودا و وردی و هێزییان بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر کراون، هەروەها لە توانایاندا هەیە " بەخێرایی و وردییەوە هەر ئامانجێک لە کۆریای باکوور بپێکن."

دوای ئەوەی ئەم ساڵ کۆریای باکوور موشەکە بەهێزەکانی تاقیکردەوە، کۆریای باشوور و باکوور هێزی سەربازیی وڵاتەکانیان پیشانداوە. بەرپرسانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا لەوە دەترسن کۆریای باکوور ئامادەکاری بکات بۆ تاقیکردنەوەی چەکە ناوەکییەکانی کە لە ساڵی 2017 ەوە ئەو جۆرە چەکانەی تاقی نەکردۆتەوە.

کیم و بەرپرسانی دیکەی کۆریای باکوور ڕۆژی یەکشەممە سەرکۆنەی لێدوانەکانی وەزیری بەرگری کۆریای باشوورییان کرد، هەروەها هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی پیۆنگیانگ ئامانجە گەورەکان لە کۆریای باشوور لەناودەبات ئەگەر کۆریای باشوور " هەر ئەرکێکی سەربازیی مەترسیدار " دژی کۆریای باکوور ئەنجام بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز