سیئۆل بیر لە پێدانی چەک دەکاتەوە بە ئۆکرانیا، لە کاتێکدا ڕووسیا و کۆریای باکوور یەکدەگرن

زیاتر لە دوو ساڵە وڵاتانی ڕۆژئاوا داوا لە کۆریای باشوور دەکەن ڕاستەوخۆ چەک بدات بە ئۆکرانیا، دەڵێن چەکەکانی کۆریای باشوور دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە یارمەتیدانی ئۆکرانیادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

بەڵام کۆریای باشوور کە بەرهەمهێنەرێکی گەورەی چەکە، بەوە ڕازی نەبووە، نیگەران بووە لەوەی کە ئەگەر ڕاستەوخۆ چەک بدات بە ئۆکرانیا ئەوا ڕووسیا ناچار دەکات هاریکارییە سەربازییەکەی لەگەڵ کۆریای باکووردا فراوانتر بکات، لە کاتێکدا کە کۆریای باکوور هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی پێشکەوتوو دەدات کە بتوانن سیئۆل بکەنە ئامانج.

بەڵام حساباتەکان ڕەنگە بگۆڕێن. لەم هەفتەیەدا ڕووسیا و کۆریای باکوور پەیماننامەیەکی هاوبەشی بەرگرییان ڕاگەیاند. سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئاماژەی بەوەدا ڕەنگە ڕێککەوتنەکە کارئاسانی بکات لە پێدانی چەکی زیاتر بە کۆریای باکوور.

بە فەڕمیکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا زۆرێک لە چاودێرانی توشی سەرسوڕمان کرد، کە پێیان وابووە مۆسکۆ لە ڕاستیدا تەنها هەوڵی دەستکەوتێکی ماوە کورتی داوە لەگەڵ پیۆنگیانگدا. ئەو بە فەڕمیکردنە سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یۆلیشی توڕە کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور چانگ هۆ ژین سەرکۆنەی پەیماننامەکەی ڕووسیا و کۆریای باکووری کرد و وتی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، هەروەها وتی حکومەتەکەی چاودەخشێنێتەوە بە بڕیارەکەیدا بۆ قەدەغەکردنی ناردنی چەکی کوشندە بۆ ئۆکرانیا.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جار نیە حکومەتە پارێزگارەکەی یوون ئاماژەی بە گۆڕانکاری داوە لە سیاسەتی وڵاتەکەدا بەرامبەر ئۆکرانیا، بەڵام ئەمجارە ڕەنگە جددیتر بێت.

بەرپرسی باڵای ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور جوونگانگ ئیلبۆ وتی " بیر لەوە دەکەینەوە چی هەنگاوێک بگرینەبەر کە بە ئازارترین بێت بۆ ڕووسیا." هاوکات ئاماژەشی بەوەدا کە سیئۆل چاودێری هەنگاوەکانی دواتری ڕووسیا دەکات.

دیبلۆماتکاری پێشووی ئۆکرانیا لە باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە سیئۆل ئاندری نیکۆلاینکۆ کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی ئۆکرانیایە، بە دەنگی ئەمەریکای وت باوەڕی وایە کە ئەو جۆرە بەیاننامانە پێشنیاری ئەوە دەکەن سیئۆل ئامادە بێت بۆ دەستکاریکردنی سیاسەتەکەی.

وتی " پەیوەندی و سەرچاوەکانم وایان لێکردم باوەڕ بەوە بکەم کە ئەوە ڕێی تێدەچێت و بەمزووانە ڕوودەدات."

وتیشی " ئەوە تەنها بۆچوونی من نیە، بەڵکو پێشبینی بەرپرسانی ئۆکرانیاشە لەسەر ئەوەی کە ئەمجارە کۆریای باشوور بە ڕاستی سیاسەتەکەی لەسەر پێدانی چەک بە ئۆکرانیا دەگۆڕێت، ڕەنگە بە ڕاستەوخۆیی و بە ئاشکراش."

لەیف ئێریک ئیسلی پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئیوهای سیئۆل دەڵێت " ئەوەی کە پوتن هاوبەشییەکی ستراتیژیی گشتگیری لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا واژۆ کرد پێشنیاری ئەوە دەکات کە دان بە خۆداگرتنی کۆریای باشوور لە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیادا هیچ شتێکی پێناکڕێت لە مۆسکۆ."

باڵیۆزێکی ئەوروپایی لە سیئۆل بە دەنگی ئەمەریکای وت چاوەڕێ دەکات بزانێت شتەکان چییان لێدێت، بەڵام وتیشی " ئێستا دەبێت ڕوون بێت کە ناتوانیت پێشبینی ئەوە بکەیت ڕووسیا لە توانایدا هەیە ڕۆڵێکی بونیادنەر ببینێت لە خستنەوەی ئاشتی و سەقامگیریدا لە نیمچە دوورگەی کۆریادا."

قورس نیە بزانیت ئۆکرانیا بۆچی هەوڵیداوە یارمەتی زیاتری لە کۆریای باشوورەوە دەست بکەوێت. کۆریای باشوور نۆیەمین گەورەترین وڵاتە لە هەناردەکردنی چەکدا و ناوبانگی هەیە لە دابینکردنی چەکی هەرزان و باشدا.

تاوەکو ئێستا کۆریای باشوور تەنها چەکی داوە بە لایەنە سێیەمەکان، لەوانەش ئەمەریکا و پۆڵەندا، ئەوانیش ڕاستەوخۆ چەکییان داوە بە ئۆکرانیا.

بەرپرسانی ئۆکرانیا وەکو داکۆکیکردنێک لەم سیاسەتەیان زۆرجار باس لە یاسای ناوخۆ دەکەن کە بە توندی ناردنی چەک بۆ ئەو ناوچانەی شەڕییان تێدایە قەدەغە دەکات، بەڵام یوون لە ڕابردوودا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو جۆرە بەربەستانە دەکرێت لاببرێن.

لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا یوون وتی کۆریای باشوور پشتیوانییەکی زیاتر لە مرۆیی یاخود دارایی دەدات بە ئۆکرانیا ئەگەر ئەو وڵاتە بکەوێتە هێرشێکی بەرفراوانەوە بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل. لەو کاتەوە یوون ڕوونی نەکردووەتەوە چی جۆرە ڕووداوێک دەگاتە ئەو ئاستە.

ئەگەر کۆریای باشوور بڕیار بدات ڕاستەوخۆ چەک بدات بە ئۆکرانیا ئەوا ڕەنگە ئەو بڕیارە یارییەکە بگۆڕێت، شیکەرەوەکان دەڵێن ئەو چەکەی کە کۆریای باشوور دەتوانێت دابینی بکات بۆ ئۆکرانیا زۆر زیاتر دەبێت لەو چەکەی کە گوایە ڕووسیا لە کۆریای باکوورەوە وەریدەگرێت.

چۆ هان بیۆمی توێژەری باڵا لە ناوەندی کۆریا بۆ یەکخستنەوەی نیشتیمانی وتی " توانای کۆریای باشوور بۆ بەرهەمهێنانی چەک ناکرێت بەراورد بکرێت لەگەڵ کۆریای باکووردا."

وتی " چەکەکانی کۆریای باکوور بە زەحمەت یارمەتی ڕووسیا دەدەن بەردەوام بێت لە جەنگەکە، بەڵام چەکەکانی کۆریای باشوور دەکرێت دیمەنی سەرانسەری ململانێکە بگۆڕن."

سیاسەتی ناوخۆی کۆریای باشوور ڕەنگە بەربەستێکی دیکە بێت لەبەردەم ئەوەدا کە زیاتر بەشدار بێت لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا.

بەپێی ڕاپرسییەک کە لە مانگی چواری ساڵی 2023 دا بڵاوکرایەوە، نزیکەی لە سەدا 60 ی هاووڵاتییانی کۆریای باشوور دژایەتی پێدانی چەک دەکەن بە ئۆکرانیا. هیچ ڕاپرسییەکی نوێش لەسەر ئەو بابەتە نەبووە، چونکە بابەتێکی گرنگ و چڕ نەبووە لە نێو خەڵکدا.

هەندێک لە یاسادانەرانی کۆریای باشوور کە بەلای چەپدا دەڕۆن دەڵێن گەمژەیی دەبێت ئەم دۆخەی ئێستا بگۆڕیت، چونکە هێشتا هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا نیە لەسەر ئەوەی پوتن چەکی پێشکەوتووی دابێت بە کۆریای باکوور.

کیم جوون هیونگی ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و یەکخستنەوەی پەرلەمانی کۆریای باشوور وتی " بێباکانە " دەبێت ئەگەر دەستوەربدەیتە جەنگێکی دوورەوە و ببیتە دوژمنی ڕووسیا.

کیم بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەگەر کۆریای باشوور بیەوێت سیاسەتی هەناردەکردنی چەکی بگۆڕێت، دەبێت سەرەتا مۆڵەت لە یاسادانەرە هەڵبژێردراوەکانەوە وەربگرێت."

هاوشێوەی هەندێک لە شیکەرەوەکانی کاروباری دەرەوەی کۆریای باشوور، کیم گومانی هەیە لەوەی پەیماننامەکەی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور بەڕاستی ببێتە هۆی دامەزراندنی هاوپەیمانییەک، ئاماژەی بەوەدا کە پوتن خۆی بە دوورگرتووە لە بەکارهێنانی ئەو وشەیە لە لێدوانەکانیدا دوابەدوای واژۆکردنی پەیماننامەکە.

بە بۆچوونی کیم، یوون دەبێت وەڵامێکی زۆر وریاتری هەبێت لە ناوچەکەدا.

وتی " ئەگەر ئاشتیت دەوێت، سەرۆک دەبێت دەستبەرداری باوەڕە هەڵەکەی بێت لەسەر ئەوەی کە دەبێت خۆت بۆ جەنگ ئامادە بکەیت... ئەگەر ئاشتیت دەوێت ئەوا ئامادەکاری بۆ ئاشتی بکە."

زۆرێک لە شیکەرەوەکان هاوڕا نین لەگەڵ ئەوەدا، دەڵێن یوون دەبێت هێڵێکی توندتر بکێشێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕووسیا تاوەکو چەک نەدات بە کۆریای باکوور.

پارک وۆن گۆنی شارەزا لە کۆریای باکووردا لە زانکۆی ئیوها وتی " بۆ نموونە، ئەگەر ڕووسیا سیستمە سەرەکیە سەربازیی و تەکنەلۆجیاکانی بگوازێتەوە بۆ کۆریای باکوور، ئەوا ئێمە دەست دەکەین بە دابینکردنی چەکی هێرشکردنی ورد بە ئۆکرانیا."

وتی " پەیماننامەکە کێشەیەکی زۆر جددییە. لە مێژوودا نموونەی زۆر هەن لەسەر ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووسیادا بکەین. هیچ بژاردەیەکی دیکەمان جگە لە بەهێزبوونمان نیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا