ئیسپانیا دەستبەسەر کەشتیەکی گرانبەهای دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیدا دەگرێت

سێرگێی چێمێزۆڤ و ڤلادیمیر پوتن

ئیسپانیا دەڵێت وڵاتەکە بەشێوەیەکی کاتی لە بەرشەلۆنا دەستیگرتووە بەسەر کەشتییەکی گرانبەهای دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیدا کە نرخەکەی دەگاتە 140 ملیۆن دۆلار. هاوکات دوو سەرچاوەش وتیان خاوەنی کەشتیەکە بەڕێوبەری کۆمپانیای ڕۆستیکی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیایە و هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنە.

سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز وتی " ئەمڕۆ دەستمان گرت بەسەر کەشتییەکی گرانبەهای یەکێک لە دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندە سەرەکییەکانی ڕووسیادا. باس لە کەشتییەک دەکەین کە نرخەکەی دەگاتە 140 ملیۆن دۆلار."

وتی " زیاتریش دەکەین." ماڵپەڕی چاودێریکردنی هاتوچۆی دەریایی مارین ترافیک لە ماوەی ڕابردوودا وتی دوو کەشتی دیکەی گرانبەها هەن کە پەیوەندییان بە دوو دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی دیکەی ڕووسییەوە هەیە و لە بەرشەلۆنا لەنگەرییان گرتووە.

دوو سەرچاوەکە وتیان کەشتیە گرانبەهاکە کە ناوی ڤالێرییە، خاوەنەکەی سێرگێی چێمێزۆڤە کە پێشتر ئەفسەری دەزگای سیخوڕی کەی جی بی ڕووسی بووە و ئێستا خاوەنی کۆمپانیای ڕۆستیکە.

جێی ئاماژەیە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان بەسەر دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیادا سەپاندووە، سەرمایەکانیان سڕکردوون و زۆرینەی کەرتی ئابووری ڕووسیایان لە ئابووری جیهان دابڕاندووە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 ڕووسیا نیمچە دورگەی کرایمییەی ئۆکرانیای بەشێوەیەکی نایاسایی لەخۆگرت، ئەمەریکا لە ساڵی 2020 دا سزای بەسەر چێمێزکۆڤدا سەپاند، لەم مانگەشدا دووبارە لەلایەن ئەمەریکا و ئوستڕاڵیاوە سزای بەسەردا سەپێندرایەوە. سزاکانی ئەمەریکا زڕکچەکەی چێمێزکۆڤ و خێزانەکەی و کوڕەکەشی گرتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز