نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا وتی لە کۆتایی مانگی یانزەدا دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە بەهۆی هۆکاری خێزانییەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ئێران و ڕوسیا زۆربەی خاکی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵکردۆتەوە و هیچ ڕێکەوتنێکی سیاسیی دیار نیە.
دی میستۆرا وتی سەرەڕای دەستکەوتەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، چارەسەری سیاسیی هێشتا گرنگترین چارەسەرە چونکە بەبێ ئەوە تەنها دەستکەوتێکە و ئاشتی لەو وڵاتەدا هەمیشەیی نابێت.
دی میستۆرا زۆرتری ماوە لەو پۆستەدا وەکو نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان خزمەتی کردووە لەماوەی جەنگی بەردەوامی ناوخۆی سوریادا. دی میستۆرا دوای هەریەک لە سکرتێری پێشووی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆفی ئەنان و دیبلۆماتکاری جەزائیری ئەخزەر ئیبراهیمی ئەو پۆستەی وەرگرت، کۆفی ئەنان و ئەخزەر ئیبراهیمی هەردووکیان بەهۆی ئەوە وازیان هێنا کە هیچ شتێکیان نەدۆزیەوە سەبارەت بەوەی چۆن کۆتایی بە جەنگ بهێنن.
بەڵام ئەو کەسەی دوای میستۆرا دێت کارەکەی قورس دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی سیاسیی لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی سوریادا، ڕۆژئاوا دەڵێت ئەو ڕێکەوتنە گرنگە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە دووبارە بنیادنانەوە و هانی ملیۆنان پەنابەری سوری بدەن کە ئێستا لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
دیبلۆماتکاران دەڵێن لەنێو ئەو کەسانەدا کە ئەگەر هەیە شوێنی دی میستۆرا بگرنەوە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئیان کۆبیچ و وەزیری پێشووی جەزائیر ڕەمەتان لەعمامەرە و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیکۆلای ملادینۆڤ و نوێنەری نەرویج بۆ چین گێر بیدەرسنیان تێدایە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز