پارتی کرێکارانی بەڕیتانیا دەسەڵات دەگرێتە دەست و ستارمەر دەبێتە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە

سەرکردەی پارتی کرێکارانی بەڕیتانیا کیر ستارمەر ڕۆژی هەینی بە فەڕمی بوو بە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا دوای ئەوەی پارتی کار دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بە دەستهێنا و دەسەڵاتی گرتەدەست.

ستارمەر لە مەراسیمێکی تایبەتدا لەگەڵ پاشا چاڕڵزی سێیەم لە کۆشکی بەکینگهام پۆستەکەی وەرگرت.

لە کۆریۆگرافیای بێ بەزەییانەی سیاسەتی بەڕیتانیادا، ستارمەر لە داونینگ ستریت 10 دەست بەکار دەبێت. بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی سەرکردەی پارێزگارەکان ڕیشی سوناک و خێزانەکەی شوێنەکەیان چۆڵ کرد، پاشا چاڕڵزیش دەستلەکارکێشانەوەی سوناکی لە کۆشکی بەکینگهام پەسەند کرد.

سوناک لە وتارێکی ماڵئاواییدا وتی " ئەمە ڕۆژێکی قورسە، بەڵام کاتێک ئەم کارە جێدەهێڵم شانازی دەکەم بەوەوە کە سەرۆک وەزیری باشترین وڵاتی جیهان بووم."

بەیانی زووی ڕۆژی هەینی دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان سوناک شکستی هێنا و وتی دەنگدەران " فەرمانێکی وریاکەرەوەیان " داوە.

لە وتارەکەیدا کە لە هەمان شوێندا بوو کاتێک شەش هەفتە لەمەوبەر داوای هەڵبژاردنێکی بەپەلەی کرد، سوناک هیوای باشی بۆ ستارمەر خواست بەڵام دانیشی بە هەنگاوە هەڵەکانیدا نا.

سوناک وتی " توڕەییەکەتانم بیست، نائومێدییەکەتانم بیست، من بەرپرسیارێتی ئەم شکستە دەگرمە ئەستۆ. بۆ سەرجەم بەربژێرەکانی پارێزگاران و ئەو هەڵمەتکارانەی کە ماندوونەناسانە کارییان کرد بەڵام بەبێ سەرکەوتن، داوای لێبووردن دەکەم کە نەمانتوانی ئەوە بکەین کە شایەنی هەوڵەکانی ئێوە بوو."

پارتی کرێکارانی بەڕیتانیا 410 کورسی لە کۆی 650 کورسییەکەی پەرلەمانی بەڕیتانیا بە دەستهێنا، پارێزگاران تەنها 118 کورسییان بە دەستهێنا.

ستارمەر لە وتارێکیدا بۆ لایەنگرەکانی وتی " کارێکی لەم جۆرە بەرپرسیارێتییەکی زۆر گەورەی لەگەڵدایە." وتیشی شەڕکردن بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵکەکە دوای چەندین ساڵ لە بێئومێدی " شەڕێکە کە سەردەمەکەمانی لەسەر بەندە."

وتیشی پارتی کرێکاران " هیوای ڕووناکی ڕۆژ دەدات، سەرەتا زەرد هەڵگەڕاوە بەڵام هەموو ڕۆژێک بەهێزتر دەبێت."

جەیمس ئێرسکینی دەنگدەر لە لەندەن وتی " لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا هیچ شتێک بە باشی بەڕێوەنەچووە."

لە ئاماژەیەکدا لەسەر توڕەیی خەڵکەکە لە سیستمەکە، پەرلەمانی داهاتووی بەڕیتانیا فراکسیۆنی زیاتر و فیکری هەمەچەشنتری تێدا دەبێت. پارتە بچووکەکان ملیۆنان دەنگییان بە دەستهێناوە، لەوانەش لیبراڵ دیموکراتە مامناوەندەکان و پارتی چاکسازی فاراجی بەڕیتانیا. پارتەکە چوار کورسی بردەوە، دوای هەشتەیەمین هەوڵی، فەراج کورسییەکی بۆ خۆی لە پەرلەمانی بەڕیتانیادا بە دەستهێنا.

لیبراڵ دیموکراتەکان نزیکەی 70 کورسییان بە دەستهێناوە. پارتی سەوزیش چوار کورسی بردەوە، ئەوەش سێ کورسی زیاترە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوودا.

دەنگدەرانی وەکو پاتریشیا مولکاهی کە ئێستا خانەنشین بووە، پێی وایە کە وڵاتەکە ئێستا بە دوای شتێکی جیاوازدا دەگەڕێت، ئەو کۆمەڵگەیەی ئەو کە هەمیشە دەنگیان داوە بە پارێزگاران، ئەمجارە دەنگییان داوە بە لیبراڵ دیموکراتەکان.

مولکاهی پێش ئەنجامەکان وتی " نەوەی گەنج زۆر زیاتر گرنگی دەدەن بە گۆڕانکاریی. بەڵام هەر کەسێک دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەوا کارێکی زۆر زۆرییان لە بەردەمدا دەبێت، ئاسان نابێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا