ستۆڵتنبێرگ دەڵێت تورکیا ڕازی بووە داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ ڕەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکە بکات

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕازی بووە داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا ڕەوانەی پەرلەمانی تورکیا بکات.

ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " دڵخۆشم ڕایدەگەیەنم کە سەرۆک ئەردۆغان ڕازی بووە بە زووترین کات پڕۆتۆکۆڵی پەیوەندیکردنی سوید بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە ڕەوانەی ئەنجومەنی مەزنی نیشتیمانی بکات و لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەنجومەنەکەدا بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە پەسەندکردنی داواکەی سوید."


ستۆڵتنبێرگ ڕەتی کردەوە بە دیاریکراوی ئاماژە بەوە بدات کەی داواکەی سوید لەلایەن پەرلەمانی تورکیا ' ئەنجومەنی مەزنی نیشتیمانییەوە ' پەسەند دەکرێت. پەرلەمانەکە کاتەکە دیاری دەکات.

ساڵی ڕابردوو سوید و فینلەندا دەستبەردای سیاسەتی بێلایەنی سەربازیی خۆیان بوون و بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

هەر وڵاتێک داوای ئەندامێتی بکات لە ناتۆدا دەبێت داواکەی لەلایەن سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکەوە پەسەند بکرێت. لە مانگی چواردا داواکەی فینلەندا لەلایەن سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکەوە پەسەند کرا، بەڵام تورکیا و هەنگاریا داواکەی سویدییان ڕاگرتووە و تاوەکو ئێستا پەسەندییان نەکردووە.

سوید و هاوپەیمانەکانی وەکو ئەمەریکا و ئەوانی دیکە، ماندونەناسانە کارییان کردووە تاوەکو پێش لوتکەکەی ناتۆ لە ڤیلنیوس داواکەی سوید پەسەند بکرێت، داوایان لە تورکیا کردووە دەستبەرداری دژایەتیکردنی ئەندامێتی سوید بێت لە ناتۆدا.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو هەنگاریا ڕایگەیاند بوداپێست ڕێگری لە داواکەی سوید ناکات بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز