بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە لە ویلایەتی تێنێسی ئەمەریکا شەش کەس گیانییان لە دەستدا و نزیکەی 25 کەسیش بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، ئەوەش دوای ئەوەی ماڵ و شوێنی کارەکان لە چەندین شاری ویلایەتەکە زیانییان پێگەیشت.
بەرپرسانی ناوخۆ وتییان سێ کەس کە منداڵێکیشییان تێدایە دوای ئەوەی تۆرنادۆیەک کە لە شارۆچکەی مۆنتگۆمری داوە لە باکووری ناشڤیل لە نزیک هێڵی ویلایەتی کینتاکی، گیانییان لە دەستداوە. ناوەندی ئەرکەکانی فریاکەوتنی خێرای ناشڤیڵ وتی سێ کەس بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە لەوێ گیانییان لە دەستداوە. بەرپرسانی شارۆچکەی مۆنتگۆمری وتییان 23 کەسی دیکە لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن.
بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی کلارکسڤیڵ چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت خانووەکان زیانییان بەرکەوتووە، تراکتۆرێک لەسەر شەقامێکی خێرا وەرگەڕاوە و باڵەخانەکانیش زیانییان پێگەیشتووە.
سەرۆکی شارەوانی کلارکسڤیل جۆو پیتس وتی " ئەمە هەواڵێکی ڕووخێنەرە و هاوخەمی ئەو خێزانانەین کە خۆشەویستانییان لە دەستداوە. شارەکە ئامادەیە بۆ یارمەتیدانییان لەم کاتە ناخۆشەدا."
دانیشتوانی ناوچەکە پێیان وتراوە لە ماڵەکانییاندا بمێننەوە و تیمەکانیش هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن. جۆو پیتس بە ڕۆژنامەنووسانی وت زیانێکی گەورە کەوتووەتەوە.
وتی " تکایە ئەگەر پێویستت بە یارمەتییە پەیوەندی بە 911 ەوە بکە و دەستبەجێ دەگەینە لات. بەڵام ئەگەر دەتوانیت تکایە لە ماڵەوە بمێنەرەوە. مەچۆرە سەر شەقامەکان. تیمەکانمان پێویستییان بە کات و بوارە."
دەزگای کەش و هەوای نیشتیمانی چەند ئاگادارییەکی لەسەر تۆرنادۆ لە تێنێسی بڵاوکردووەتەوە. ڕۆژی شەممە نزیکەی 85,000 کەس لە تێنێسی کارەبایان نەما، ئەوەش بەپێی زانیارییەکانی PowerOutage.us.
زریانەکە نزیکەی دوو ساڵ دوای ئەو ڕۆژە هات کە دەزگای کەش و هەوای نیشتیمانی 41 تۆرنادۆی لە چەندین ویلایەت تۆمار کرد، لەوانەش، 16 تۆرنادۆ لە تێنێسی و هەشت لە کینتاکی. تەنها لە کینتاکیدا 81 کەس گیانییان لە دەستدا.