سوپای سودان هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات بۆ بڕینی ڕێگاکانی تێپەڕبوونی پێویستییەکانی هێزە نیمچە سەربازییەکان

شایەتحاڵان دەڵێن سوپای سودان هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی کردووەتە سەر ڕێگاکانی تێپەڕبوونی پێویستییەکانی هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان، لە کاتێکدا کە وادەردەکەوێت ڕابەری هێزە نیمچە سەربازییەکان چارەسەرێکی گفتوگۆ لەسەرکراو ڕەت بکاتەوە.

شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکان لە 15 ی مانگی چواردا سەریهەڵدا و خەریکە دەچێتە مانگی پێنجەمییەوە، شەڕەکە بووەتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی برسێتی لە وڵاتەکەدا و ژێرخانی وڵاتەکەی لە ناوبردووە و سەدان هاووڵاتی مەدەنیش بەهۆیەوە کوژراون.

سوپای سودان هێرشێکی ئاسمانی گەورەی کردە سەر شاری ئومدورمان، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرچاوە سەربازییەکان وتییان سوپای سودان ژمارەیەکی زۆری لە هێزە پیادەکان و چەکی قورس ڕەوانە کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە بە تەواوەتی.

ئەوەش دەبێتە هۆی بڕینی ئەو ڕێگایانەی کە پێویستییەکانی هێزە نیمچە سەربازییەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت، کە پێویستییەکان لە هەرێمی دارفورەوە ڕەوانەی ئومدورمان دەکات، دواتریش بە نیلدا دەڕوات بۆ بەهری و دواتر بۆ خەڕتومی پایتەخت.

هێرشە ئاسمانییەکان بە هەمان شێوە لە باشووری خەڕتوم بەردەوام بوون، ئەوەش دوای ئەوەی گروپێکی خۆبەخشی ناوخۆیی وتی لە هێرشێکی ئاسمانیدا 20 کەس کوژراون.

چەندین دەستپێشخەریی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ململانێکە شکستییان هێناوە.

جەنەڕاڵ عەبدلفەتاح ئەلبورهان کە لە ساڵی 2019 ەوە سەرۆکایەتی سودان دەکات لە شاری کەسالە بەڵێنیدا هێزە نیمچە سەربازییەکان لە ناوببات، وتی " ئەم جەنگە تەنها لە کاتێکدا کۆتایی دێت کە یاخیبوون کۆتایی بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز