سودان داوایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تەرخانکردنی ' هێزێکی بێلایەن ' بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل ڕەت دەکاتەوە

دارفور، سودان

سودان داوایەکی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەت کردووەتەوە بۆ تەرخانکردنی " هێزێکی سەربەخۆ و بێلایەن " بۆ پاراستنی ملیۆنان هاووڵاتی سڤیل کە بەهۆی جەنگەکەوە ئاوارە بوون.

جەنگەکە لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد، لە نێوان سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکاندا. شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس و کەوتنەوەی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکان لە جیهاندا.

ڕۆژی هەینی شارەزایانی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی نێردەکەیان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان ئاشکرای کردووە کە " پێشێلکارییەکی ترسناک هەبووە لەلایەن هەردوولای جەنگەکەوە کە ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی."

هەروەها داوای دابینکردنی " هێزێکی سەربەخۆ و بێلایەنییان کرد بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل بەبێ دواکەوتن."

وەزارەتی دەرەوەی سودان کە سەر بە سوپای سودانە لە ژێر سەرکردایەتی فەتاح ئەلبورهاندا، درەنگانێکی ڕۆژی شەممە وتی " حکومەتی سودان بە تەواوەتی پێشنیارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەت دەکاتەوە."

ساڵی ڕابردوو حکومەتی سودان ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان بە " ئەنجومەنێکی سیاسیی و نایاسایی " ناوبرد، وتیشی پێشنیارەکانی نێردەکەی " پێشێلکردنی زەقی ڕاسپاردەکانییانە."

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان هەشت ملیۆن هاووڵاتی سڤیل ئاوارەبوون و دوو ملیۆن هاووڵاتی دیکە هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێی سودان.

زیاتر لە 25 ملیۆن کەس کە زیاترە لە نیوەی دانیشتوانەکەی سودان ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سودان هێزە نیمچە سەربازییەکانی بە ڕابەرایەتی محەمەد حەمەدان داگلۆ تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " بە ئامانجکردنی هاووڵاتیانی سڤیل و دامەزراوە سڤیلەکان بە شێوەیەکی بۆ ڕێکخراو."

وتی " پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل ئەرکی پێشینەی حکومەتی سودانە."

وتیشی ڕۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت " پشتگیریکردن بێت لە پڕۆسە نیشتیمانییەکە وەک لەوەی هەوڵ بدات میکانیزێکی جیاوازی دەرەکی بسەپێنێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا