گومانلێکراوەکەی ڕووداوی چەقۆکێشانەکەی ئەڵمانیا پیاوێکی سوریاییە

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن گومانلێکراوەکەی ڕووداوەکەی چەقۆکێشانەکەی ئەڵمانیا لە شاری سۆلینگین کە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی هەشت کەسی دیکە، پیاوێکی تەمەن 26 ساڵی سوریاییە، ئەمەش لە کاتێکدا کە پۆلیس بەدواداچوون بۆ ئەو پیاوە دەکات تاوەکو بزانێت پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە هەیە یان نا.

ڕووداوەکە کە داعش بەرپرسیارێتییەکەی گرتووەتە ئەستۆ، نیگەرانی دروست کرد لە نێو هەندێک لە سیاسییەکاندا کە داوا دەکەن ئاسایش پتەوتر بکرێت، داوا دەکەن سنووری زیاتر بخرێتەسەر چەک و سزای توندتر دابندرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تاوانی توندوتیژ ئەنجام دەدەن و هەروەها داواش دەکەن سنوورێک دابنرێت بۆ کۆچ.

هێرشەکە ڕۆژی هەینی لە ماوەی ڤیستیڤاڵێکدا ڕوویدا لە شەقامی فرۆنهۆف کە ئاهەنگی میوزیکی تێدابوو بەهۆی مێژووە 650 ساڵەکەی سۆلینگینەوە.

پۆلیسی دوسڵدۆرف و لێکۆڵەرەوان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتییان درەنگانێکی ڕۆژی شەممە گومانلێکراوەکە خۆی داوە بە دەستەوە و دانی بە تاوانەکەداناوە.

وتییان " بەشداربوونی ئەم کەسە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیەکی چڕی لەسەر دەکرێت."

فریدریک مێرزی سیاسیی دیار کە ڕابەرایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکات، داوای کرد وڵاتەکە چیتر پەنابەری دیکە لە سوریا و ئەفغانستانەوە وەرنەگرێت.

وتی " ئەوە بەسە."

هێربەرت ڕیوڵی وەزیری ناوخۆی نۆرث ڕاین وێستافالیا وتی گومانلێکراوەکە لە ماڵێکی پەنابەراندا بووە لە سۆلینگین و ڕۆژی شەممە ماڵەکە پشکنراوە.

گۆڤاری دێر شپیگڵ لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوی ئاسایشەوە بڵاویکردەوە گومانلێکراوەکە لە کۆتایی ساڵی 2022 دا هاتووە بۆ ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەرێتی کردووە.

لێکۆڵەرەوانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا دۆسییەکەیان گرتووەتەدەست و لێکۆڵینەوە دەکەن لەوەی ئایا ئەم گومانلێکراوە ئەندامە لە ڕێکخراوی داعشدا یان نا.

ڕێکخراوی داعش باسی لە تاوانبارەکە کردووە و دەڵێت " سەربازێکی ڕێکخراوی داعشە ".

ئۆفیسی پۆلیسی تاوانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا دەڵێت لە ساڵی 2000 ەوە نزیکەی دوانزە هێرشی ئیسلامی هەبوون. یەکێک لە هێرشە گەورەکان لە ساڵی 2016 دا بوو کاتێک تونسییەک بە ئوتومبێلەکەیەوە خۆی کرد بە بازاڕێکی کریسمسدا لە بەرلین و بەهۆی ئەوەوە 12 کەس کوژران و دەیانی دیکە بریندار بوون.

ئۆفیسەکە وتی " مەترسی کردەوەی توندوتیژی جیهادییەکان هێشتا بەرزە. کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیا ئامانجی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز