وەزیری دادی سوید گۆنار سترۆمەر بە ڕۆژنامەی ئەفتۆنبلێتی وت حکومەتی سوید تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا دەکرێت یاسایەک بگۆڕێت بۆ ڕێگریکردن لە خەڵک تاوەکو بە ئاشکرا قورئان نەسوتێنن یاخود نا، لە کاتێکدا کە سوتاندنی قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان لەو وڵاتەدا زیانی بە ئاسایشی سوید گەیاندووە.
هەفتەی ڕابردوو کۆچبەرێکی عێراقی لە بەردەم مزگەوتێکدا لە ستۆکهۆڵم قورئانی سوتاند و ئەوەش توڕەیی موسوڵمانانی سەرانسەری جیهانی لێکەوتەوە و پاپا فرانسیسیش سەرکۆنەی کرد. دەزگای ئاسایشی سوید وتی ئەو جۆرە کارانە پارێزراویی وڵاتەکە کەم دەکەنەوە.
پۆلیسی سوید لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا چەندین داواکاری بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان ڕەت کردۆتەوە کە تیایاندا خۆپیشاندەران داوایان کردووە بتوانن قورئان بسوتێنن، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ هۆکاری ئاسایشیی، بەڵام لەو کاتەوە دادگاکان زاڵ بوون بەسەر بڕیارەکانی پۆلیسدا و دەڵێن ئەو کارانە لەلایەن یاساکانی ئازادی ڕادەربڕینەوە لە سوید پارێزراون.
وەزیری دادی سوید وتی حکومەت لە دۆخەکە دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت بزانێت کە ئایا پێویست دەکات یاساکە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی زیاتر بدرێت بە پۆلیس تاوەکو بتوانێت ئەو داواکارییانە ڕەت بکاتەوە یاخود نا.
سترۆمەر بە ڕۆژنامەکەی وت " دەبێت لە خۆمان بپرسین کە ئایا ئەم یاسایەی ئێستا باشە، یاخود ئایا هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی دووبارە پێیدا بچینەوە."
وتیشی سوید بووەتە " ئامانجی سەرەکی " بۆ هێرشەکان.
وتی " دەتوانین بڵێین سوتاندنی قورئانەکە لە هەفتەی ڕابردوودا مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆمان دروست کردووە."
ڕووداوەکە زیانی بە هەوڵەکەی سویدیش گەیاند بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی وڵاتەکەی ناتوانێت داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند بکات هەتاوەکو سوید سوتاندنی قورئانەکان ڕانەگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز