ڕۆکێتێکی توێژینەوە لەلایەن دەزگای بۆشایی ئاسمانی سویدەوە لە ناوەندی ئیسرانجەوە هەڵدرا و کێشەی تێکەوت و 15 کم لە ناو نەرویجدا کەوتە خوارەوە.
دەزگاکە وتی ڕۆکێتەکە گەیشتۆتە بەرزایی 250 کیلۆمەتر و تاقیکردنەوەکە بە هێزی کێشکردنی سفر ئەنجام دراوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگاکە فیلیپ ئۆلسن بە ڕۆیتەرزی وت " ڕۆکێتەکە بە بەرزایی 1000 مەتر لەسەر شاخەکان نیشتۆتەوە، هەروەها 10 کیلۆمەتریش لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوونەوە دوور بووە."
وتی کۆمەڵێک ڕۆتین هەن کاتێک شتەکان بە هەڵە بەڕێوەدەچن هەردوو حکومەتەکانی سوید و نەرویج و لایەنەکانی دیکەش ئاگادار دەکرێنەوە.
دەزگاکە وتی کاردەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی پاشماوەی ڕۆکێتەکە و لێکۆڵینەوەیەک دەکرێت لەسەر ئەو وردەکارییە تەکنیکییانەی کە بوونەتە هۆی لادانی ڕۆکێتەکە لە ئاڕاستەکەی خۆی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج وتی " بەرپرسانی نەرویج هەر چالاکییەکی مۆڵەت پێنەدراو لەسەر سنووری ئەمدیوی نەرویج زۆر بە جددی وەردەگرن."
وتیشی لە حاڵەتی پێشێلکردنی سنوورەکەدا، ئەوانەی بەرپرس بوون لە پێشێلکارییەکە دەبێت دەستبەجێ بەرپرسانی پەیوەندیداری نەرویجی ئاگادار بکەنەوە، بە وەزارەتی دەرەوەشەوە، ئەوەش لە ڕێی کەناڵە پەیوەندییە گونجاوەکانەوە.
وتیشی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەڕمی لەوبارەیەوە لە بەرپرسانی سویدەوە پێنەوتراوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کارکردن لەسەر خاکی نەرویج بۆ گەڕاندنەوەی پاشماوەی ڕۆکێتەکە پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەخت هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی نەرویج وتی ئاگادار نییە کە ئایا کەوتنە خوارەوەی ڕۆکێتەکە زیانی بە دەوروبەری ناوچەکە گەیاندووە یاخود نا، بەڵام دەزگاکەی سوید وتی ڕۆکێتەکە زۆر دوور لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونەوە کەوتۆتە خوارەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز