کەناڵی گشتی ئێس ڤی تی سوید لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کۆمیتەی بەرگری پەرلەمانی سوید لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە هێرشی سەربازیی ڕووسیا دژی سوید نابێت بە دووربزانرێت.
سوید هەوڵی ئەوە دەدات بەرگرییەکانی وڵاتەکە پتەوتر بکات و بە فەڕمی داوای ئەندامێتی کردووە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئەمەش دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. تاوەکو ئێستا تەنها تورکیا و هەنگاریا داواکەی سویدییان بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە پەسەند نەکردووە.
کەناڵەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕاپۆرتەکەوە بڵاویکردەوە ڕاپۆرتەکەی پەرلەمانی سوید بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بڵاوبکرێتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە سەرەڕای ئەوەی هێزە پیادەکانی ڕووسیا ئێستا بە ئۆکرانیاوە بەستراونەتەوە، جۆرەکانی دیکەی هێرشی سەربازیی دژی سوید نابێت بە دووربزانرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت " ڕووسیا بەربەستەکانی لەبەردەم بەکارهێنانی هێزی سەربازیدا کەمکردۆتەوە و ئارەزووەکانی بۆ هەڕەشەی سەبازیی و سیاسیی زیاتر بووە، ڕووسیا هێشتا توانای هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ڕێی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی و چەکە مەودا دوورەکان یاخود چەکی ئەتۆمییەوە دژی سوید."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز