سەرکردەکانی جیهان بەبێ ڕووسیا بەشداری لە کۆنفرانسی ئاشتی سویسرا دەکەن لەسەر ئۆکرانیا

هەریەک لە سەرۆکەکانی ئیکوادۆر و کواتیڤوار و کینیا و سۆماڵیا لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەشداری کۆنفرانسێک دەکەن لە سویسرا کە ئامانج لێی کێشانی یەکەمین هەنگاوەکانە بەرەو ئاشتی لە ئۆکرانیادا، بەڵام ڕووسیا بەشدار نیە.

بەرپرسانی سویسرا کە میوانداری کۆنفرانسەکەیان کردووە دەڵێن زیاتر لە 50 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن، بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیشەوە. کۆنفرانسەکە لە هاوینەهەواری بورگینستۆک دەبێت کە بەسەر دەریاچەی لوسیریندا دەڕوانێت. نزیکەی 100 شاند بە شاندەکانی دەزگاکانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بەشداری دەکەن.

کێ ئامادە دەبێت یاخود کێ ئامادە نابێت بووەتە یەکێک لە گرەوە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە کە ڕەخنەگران دەڵێن بەبێ ئامادەبوونی حکومەتەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هیچ سوودێکی نابێت، کە لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە جەنگەکەی.

بڕیارە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس ئامادە بێت و هەریەک لە سعودیە و تورکیاش وەزیرەکانی دەرەوەیان ناردووە. وڵاتانی وەکو بەڕازیل و هیندستان و ئەفریکای باشوور بەرپرسی ئاست نزمترییان ناردووە، بەڕازیل وەکو چاودێر بەشداری کردووە.

چین کە پشتگیری لە ڕووسیا دەکات، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خۆیان لە کۆنفرانسەکە بە دوورگرتووە، چین دەڵێت پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بەوەیە ئۆکرانیا و ڕووسیاش بەشداری تێدا بکەن، هەروەها بیرۆکەی خۆی پێشکەش کردووە بۆ ئاشتی.

زێلێنسکی لەمدواییانەدا سەرکردایەتی هەوڵێکی دیبلۆماتیکرد بۆ ڕاکێشانی سەرکردەی زیاتر بۆ کۆنفرانسەکە.

لە ئێستادا هێزەکانی ئۆکرانیا نزیکەی چارەکێکی خاکی ئۆکرانیایان لە ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەدا کۆنتڕۆڵ کردووە و لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا دەستکەوتییان هەبووە.

ڕێکخەرانی کۆنفرانسی ئاشتی لە سویسرا سێ ئەجێندایان بۆ کۆنفرانسەکە پێشکەش کردووە: پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بۆ نموونە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژای ئۆکرانیا کە ڕووسیا کۆنتڕۆڵی کردووە، یارمەتی مرۆیی و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییانی جەنگ و هەروەها ئاسایشی خۆراکیش کە بەهۆی بەربەستەکانی بەردەم کەشتییە بازرگانییەکانەوە لە دەریای ڕەشدا هەندێک جار تێکچووە.

هەروەها تاوتوێی پلانە 10 خاڵییەکەی ئاشتی ئۆکرانیا دەکرێت. هاوکات ڕووسیا دەیەوێت هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەسەر دەقی ڕێککەوتنێک بونیاد بنرێت کە لە قۆناغەکانی سەرەتای جەنگەکەدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە و ڕێککەوتوون لەسەرییان، لەوانەش گرەنتیدان لەسەر پاراستنی پێگەی بێلایەنی ئۆکرانیا و سنووردارکردنی هێزە چەکدارەکانی، هاوکات دواخستنی گفتوگۆکان لەسەر ئەو ناوچانەی کە ڕووسیا داگیریکردوون. هەوڵە چەندین ساڵەییەکانی ئۆکرانیا بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە ڕووسیای بێزار کردووە.

سەرچاوە/ AP