سویسرا سێ کەلوپەلی دەستبەسەرداگیراوی سەردەمی میزۆپۆتامیا ڕادەستی عێراق دەکاتەوە

حکومەتی سویسرا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی سویسرا سێ کەلوپەلی گرنگی سەردەمی میزۆپۆتامیای ڕادەستی هاوتا عێراقییەکەی کردووەتەوە.

لە ماوەی مەراسیمێکدا لە وەزارەتی کلتوری سویسرا لە بێرن، وەزیری دەرەوەی سویسرا ئیلیزابێث بۆم شنایدەر پارچەی پەیکەرێک و دوو ڕەیلیفی هونەری دیکەی ڕادەستی وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حوسەین کرد.

وەزارەتەکە وتی سێ کارەکە کە تەمەنییان 1700 بۆ 2800 ساڵە، " گرنگییەکی گەورەیان " هەیە بۆ عێراق.

وتیشی ساڵی ڕابردوو لە دادگاییکردنێکی تاواندا لە کانتۆنی جنێڤ دەستییان بەسەرداگیراوە.

وەزارەتەکە وتی کەسی سەرەکی تۆمەتبار کراو لەو دۆسییەیەدا سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەکان و پێشێلکردنی بەندی گواستنەوەی موڵکی کلتوری، کە گواستنەوەی کەلوپەلە کلتورییە دزراوەکان یاخود تاڵانکراوەکان قەدەغە دەکات.

وتیشی هەر لەو دۆسییەیەدا 43 کەلوپەلی کلتوری دیکە لەلایەن بەرپرسانی سویسراوە دەستییان بەسەرداگیراوە.

ئەو سێ کەلوپەلەی کە ڕۆژی هەینی ڕادەستی عێراق کرانەوە، لە ماوەی ئەرکەکانی گەڕان و هەڵکەندندا لە عێراق لە ساڵەکانی 1857 و 1959 و 1976 دا لە میزۆپۆتامیا دۆزراونەتەوە، کە عێراقی ئەمڕۆ دەکات.

وەزارەتەکە وتی " لە بەروارێکی نەزاندراودا و بە شێوەیەکی نایاسایی لە عێراق هێندراونەتە دەرەوە."

لەوانە دوو ڕەیلیفی گەورەی ئاشوورییان تێدا بووە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی هەشتی پێش زایین کە لە شوێنی شوێنەواری گەورەی نەمرود - کەلهو دۆزراونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا وتی کەلوپەلە کلتورییەکان لە میزۆپۆتامیا، کە بە لانکەی شارستانییەت دادەنرێت، لە نێو مەترسیدارترین جۆرەکانی کەلوپەلی کلتوریی عێراقدان.

بە تایبەتی کاریگەریی هەڵکەندنی نایاسایی و قاچاخچێتی و بازرگانی نایاساییان لەسەرە، ئەمەش وایکردووە یونسکۆ سێ شوێنی عێراق زیاد بکاتە سەر لیستی ئەو میراتانەی جیهان کە لە مەترسیدان، لەوانەش شوێنی هاترا.

سویسرا و عێراق لایەنن لە پەیماننامەی یونسکۆدا کە ئامانج لێی پاراستنی میراتی کلتورییە لە ڕێی قەدەغەکردن و ڕێگریکردن لە هاوردەکردن و هەناردەکردن و گواستنەوەی نایاسایی موڵکی کلتوریی.

سەرچاوە/ فرانس پرێس