پـۆلیسی ئوسترالیا کەسێـک بە تاوانی هەڕەشە لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دەسـتگیردەکات

پـۆلیسی ئوسترالیا کەسێـکیان لە شاری سدنی دەسـتگیرکرد پاش ئەوەی لەسەر ئنتەرنێت هەڕەشەی لە دژی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ کردبوو، ئەوانەی لە شارەکە ئەنجام دەدرێن.

پـۆلیسی دژە تێرۆری نیو ساوث وێڵز پاشنیوەڕۆی پـێنجشەممە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری کەسەکەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سدنی دەسـتگیرکرد دوای ئەوەی لە لەندەن گەڕابووەوە. پاشان پـۆلیس چووە سەر ماڵەکەی و لەوێش دەسـتگیرا بەسەر کۆمپـیوتەر و بەڵگەنامەکانی.

کاثرین بێرن کە بەرپـرسێـکی پـۆلیس لە سدنیـیە گوتی بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان هەڕەشەکە لە لایەن تاکە کەسێـکەوە بووە، بۆیە مەترسیـیە بۆ سەر ئاهەنگەکانی سەری ساڵ نیـیە.

بڕیارە کەسەکە کە پـیاوێـکی تەمەن 40 ساڵە ئەمڕۆ هەینی ببرێتە بەردەم دادوەر تاوەکو وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە ئاڕاستەی کراون. پـۆلیس هیچ وردەکاری زیاتری لەسەر هەڕەشەکەی نەدا.

دەسـتگیرکردنی ئەم کەسە پاش هەفتەیەک دێت لەوەی پـۆلیس ڕایگەیاند پـلانێـکی تێرۆرستی پـوچەڵکردووەتەوە کە لە لایەن کەسانێکی ژێر کاریگەری داعش داڕێژرابوو. پـۆلیس دەڵێت ئەو کەسانە بە نیازبوون چەند هێرشێـکی تێرۆرستی لە شەوی سەری ساڵدا لە شاری مەڵبۆرن ئەنجام بدەن.

جێی ئاماژەیە لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە سدنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی تیایدا بەشداری دەکەن و پـێشبینی دەکرێت لە ئەمساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەشداربن.