میدیاکانی سوریا ڕووبەڕووی چارەنوسێکی نادیار دەبنەوە

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا کە شانازییان بە ستەمکارییەکانی بەشار ئەسەدەوە دەکرد، دوای دوورخرانەوە ئەسەد، بە خێرایی جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانەیان گرتەبەر، بەڵام ئەو کەرتە داهاتووەکەی نادیارە.

بۆ دەیان ساڵ، پارتی بەعسی فەرمانڕەوای سوریا و بنەماڵەی ئەسەد هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بەرتەسک کردبووەوە، لەوانە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین.

ڕاگەیاندنەکان بوون بە ئامڕازێک بۆ ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدا بوون.

کاتێک گروپە یاخیبووە چەکدارییەکان بە سەرکردایەتی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام لە 8 ی مانگی دوانزەدا کۆنتڕۆڵی دیمەشقی پایتەختییان کرد، ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەددیان ڕاگەیاند، پەشۆکاویی دەرکەوت و دەزگای ڕاگەیاندنی سانای سەر بە دەوڵەتی سوریا کە وەکو وتەبێژی حکومەت کاری دەکرد، بۆ ماوەی زیاتر لە 24 کاتژمێر بێدەنگ بوو.

کەناڵی دەوڵەت بەرنامە کۆنەکانی پەخش دەکرد لە بری ئەوەی ڕووداوە بەپەلەکان بڵاوبکاتەوە. دواتر کۆمەڵێک پیاو لە ستۆدیۆی هەواڵ بەیاننامەیەکی " ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی داگیرکردنی دیمەشق " خوێندەوە و " ڕزگارکردنی شاری دیمەشق و ڕووخانی ڕژێمە چەوسێنەرەکەی بەشار ئەسەدییان " ڕاگەیاند.

ئەو وشانە دوو هەفتە لەوەوبەر هەر بیریشی لێنەدەکرایەوە.

بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر کەناڵەکە پەیامێکی لەسەر شاشەکە دانابوو نوسرابوو " سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی سوریاییەکان."

دەزگا ڕاگەیاندنە بیانییەکان، کە هاتنیان بۆ ناو سوریا لە ژێر سەرکردایەتی ئەسەددا بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار کرابوو، بەپەلە هاتنە وڵاتەکەوە و بەرەو زیندانەکانی سوریا و شوێنەکانی دیکە ڕۆیشتن، کە پێشتر هیچ کەسێک نەیدەتوانی بۆ ئەو شوێنانە بڕوات.

دوای لابردنی ئەسەد، ڕۆژنامەنووسەکان، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی دەزگای ڕاگەیاندنی دەوڵەت، بە خێرایی وێنەی پڕۆفایلەکانییان گۆڕی بۆ وێنەکانی لایەنگری شۆڕش و هەموو ئەو شتانەیان سڕییەوە کە پەیوەندیی بە بەرپرسانی پێشووەوە بوو.

بڵاوکراوەی تایبەتی ئەلوەتەن کە لایەنگری حکومەت بوو و تا ڕادەیەک ڕەخنەی دەگرت بە بەراورد لەگەڵ دەزگاکانی دیکەدا، لەو ڕۆژەدا کە یاخیبووەکان کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کرد بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەرگری لە خۆی کرد.

وتی " میدیاکانی سوریا و کارمەندانی میدیاکان تاوانبار نین."

هەندێک لە دیکەی دەزگا ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان خەریکە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانییان، بە کەناڵی سەماشەوە، کە لەلایەن خاوەنکارێکی سوریایی و پەرلەمانتار محەمەد حەمشۆوە لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی لێدەکرا. کارمەندێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی کارمەندانی مەدەنی هەیئەت تەحریر ئەلشام لەگەڵ یاخیبووە چەکدارەکاندا هاتوونەتە وێستگەکەوە و بە کارمەندەکانییان وتووە بگەڕێنەوە سەر کارەکانییان.

بەڵام هێشتا هەندێک لە دەزگاکانی تایبەتی ڕاگەیاندن نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانییان و زۆرێکییان ئاماژە بەوە دەدەن کە داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێی ڕاگەیاندنەکان دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس