به‌ هه‌زاران که‌س له‌ سوریا به‌شـداری له‌ به‌خاکسـپاردنی قوربانیانی خۆپـیشـاندانه‌کان ده‌که‌ن

خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی خه‌ڵـکی شـاری بانیاسی سوریا له‌ دژی حوکمڕانی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د، هه‌ینی 3 ی شه‌شی 2011

ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ هه‌زاران که‌س له‌ سوریا به‌شـداریان له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌خاکسـپاردنی ئه‌و قوربانیانه‌دا کرد که‌ له‌ خۆپـیشـاندانه‌کانی ڕۆژی هه‌ینیدا کوژران.

کۆمه‌ڵه‌کانی مافی مرۆڤی سوریا ده‌ڵێن به‌ لای که‌م 63 که‌س له‌و خۆپـیشـاندانانه‌دا کوژران که‌‌ تیایاندا داوای وازهێنانی سه‌رۆک به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌دیان ده‌کرد.

کۆمه‌ڵه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌شڵێن زۆربه‌ی قوربانیـیه‌کان له‌ شـاری حه‌ما بوون‌ که‌ 300 کیلۆمه‌تر له‌ باکوری دیمه‌شقی پایته‌خته‌وه‌ دوره‌. گه‌واهیده‌ران ده‌ڵێن هێزه‌کانی ئاسایش ته‌قه‌یان له‌و ده‌یان هه‌زار که‌سه‌ کردووه‌ که‌ له‌ پاش نوێژی هه‌ینی بۆ خۆپـیشـاندان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی ئه‌و شـاره‌.

خۆپـیشـاندانه‌کان دیمه‌شق و چه‌ند شـارێـکی دیکه‌ی گرته‌وه‌، له‌سه‌ر داوای کۆمه‌ڵه‌کانی ئۆپـۆزسیۆن بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌ کوشـتنی منداڵان له‌ میانه‌ی ئه‌و خۆپـیشـاندانانه‌ی له‌ دژی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د سـازکران له‌م هه‌فتانه‌ی دوایـیدا.