چالاکوانانی سوریا ده‌ڵێن ده‌یان سه‌ربازی حکومه‌ت له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ جارێـکی دیکه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ دیپـلۆماسیـیانه‌ی ده‌درێن بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سوریا به‌ بنبه‌ست گه‌یشتن و شه‌ڕ و پـێـکدادانه‌کان به‌رده‌وامبوون.

کۆمه‌ڵه‌ی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤی سوریا بنکه‌ له‌ بریتانیا ڕایگه‌یاند که‌وا سه‌رهه‌ڵـداوان ژماره‌ی هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر خاڵه‌کانی پشـکنینی حکومه‌ت زیادکردووه‌. ده‌شڵێت 75 سه‌ربازی حکومه‌ت له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون. ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی حکومه‌ت هیچیان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌گوتووه‌ و هه‌روه‌ها هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ کوژرانی ئه‌و ژماره‌ سه‌ربازه‌ی پـشـتڕاست نه‌کردووه‌.

شه‌ڕ و پـێـکدادانه‌ نوێـیه‌کان له‌ پارێزگای ئیدلیب بوون و له‌ شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌وه‌ ده‌سـتیپـێـکرد و هه‌تا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌رده‌وامبوون. ده‌ڵێن به‌ لایه‌نی که‌م 2 سه‌رهه‌ڵـداویش کوژراون. ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ده‌ڵێت هێزه‌کانی حکومه‌ت تانک و موشه‌ک و تۆپـیان له‌ دژی سه‌رهه‌ڵـداوان به‌کارهێناوه‌.

هاوکاتی به‌رده‌وامبوونی توندوتیژیـیه‌کان، یه‌کێتی ئه‌وروپا و سه‌رۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پـوتن شـکستیان هێنا له‌ نه‌هێشـتنی ناکۆکیـیه‌کانیان له‌ چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانی سوریا که‌وا بۆ 15 مانگه‌ به‌رده‌وامه‌.

له‌ کۆتایی کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌یی نێوانیان له‌ سانت پـیته‌رسبێرگ، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا هێرمه‌ن ڤان ڕۆمپی گوتی ڕێبه‌ری ڕووسیا و یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌ندێـک تێڕوانینی زۆر دور له‌ یه‌کیان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی سوریا.

به‌ڕێز ڤان له‌ میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پـوتن گوتی پـێویسته‌ هه‌ردوو لا پـێـکه‌وه‌ کار بکه‌ن بۆ کۆتایی هێنانی به‌ توندوتیژی و ده‌سـتکردن به‌ پـرۆسه‌یه‌کی گواستنه‌وه‌ی سیاسی له‌و وڵاته‌دا.