سێ گوندی دیکەی باکوری حەلەب لە لایەن هێزەکانی یەپەگەوە کۆنترۆڵ دەکرێن

چالاکوانان دەڵێن هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە 3 گوندی پارێزگای حەلەب لە باکوری وڵاتەکە لە نزیک سنووری تورکیا کشاونەتەوە پاش ئەوەی مەترسی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەی ڕووسیایان لەسەر بوو، بەڵام دواتر هێزەکانی یەپەگە دەستیان بەسەر ئەو گوندانە گرتووە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە گوتی چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن گوندەکانی عەقلەمیـیە، مەرعەنار، دێر جەمال چۆڵ کرد پاش ئەوەی دانیشتوانەکانیان فشاریان خستنەسەر لە ترسی ئەوەی ماڵەکانیان بۆردومان بکرێن.

پاشان هێزەکانی یەپەگە چوونەتە ناو هەرسێ گوندەکە و کۆنترۆڵیان کردوون. ئەمەش بە شکستێـکی دیکەی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن دادەنرێت لە پاش تەنها چەند ڕۆژێـک لەوەی 3 گوندی دیکەشیان لەدەسـتدابوو.

هەردوو گوندی عەقلەمیـیە و مەرعەنار لە نزیک بنکەی ئاسمانی لەشکری (مەننغ)ی ستراتیژین کە لە مانگی هەشتی سـاڵی 2013 وە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن دەسـتیان بەسەریاندا گرتبوون.

سەرچاوەیەکی لەشکری بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی لە شاری حەلەب لە ئێسـتادا لایەکیان بە هێزەکانی یەپەگە گیراوە و لایەکی دیکەشیان بە هێزەکانی سەر بە حکومەت.

ڕامی عەبدوڵڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی حکومەت وا بەرەو شارۆچکەی تەل ڕفعەت پـێشڕەوی دەکەن و شەوی یەکشەممە گوندی بەکفینیان کۆنترۆڵکردووە کە تەنها 5 کیلۆمەتر لێوەی دورە. هەروەها بەنیازن شارۆچکەی ئیعزازی نزیک سنووری تورکیا کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش وەکو هەوڵێـک بۆ ڕێگەگرتن لە ڕەوانەکردن چەک بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیاوە بۆ سوریا.

جێی ئاماژەیە ماوەی هەفتەیەکە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی ڕووسیا هێرشێـکی گەورەیان بۆ ناوچەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە باکوری حەلەب دەسـتپـێـکردووە و سەر ئەنجام ناوچەیەکی فراوانیان کۆنترۆڵکردووەتەوە و لە نێوەدا دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیل ئاوارە و دەربەدەربوون.