ڕوانگەی سوری: بەهۆی هێرشی گروپێکی سەر بە ئەل قاعیدەوە لە سوریا 11 سەرباز کوژران

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی سوریا دەکات دەڵێت کۆمەڵە چەکدارێک هێرشییان کردووەتە سەر شوێنێکی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا و بەهۆیەوە زیاتر لە 30 سەرباز کوژراون و بریندار بوون.

هێرشەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا چەندین هێرشی ئاسمانییان دژی دوایین شوێنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدا لە پارێزگای ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سوریا و چەند بەشێکی شاری حەلەب و چەندین چەکدار کوژران.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە وتی گروپی ئەنساڕولتەوحید کە هاوپەیمانی ئەل قاعیدەیە، هێرشەکەی ئەنجامداوە، سەرەتا ئەندامەکانی بۆمبێکی گەورەیان تەقاندووەتەوە و دواتر هێرشییان کردووەتە سەر شوێنێک کە سەربازانی حکومەتی لێبووە.

وتیشی بەهۆی هێرشەکەوە 11 سەرباز کوژراون و 20 سەربازیی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوە/ AP