بەرەی نوسرە 20 کەسی دورزی لە پارێزگای ئیدلیب دەکوژێت

چەکدارانی بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە بە لایەنی کەم 20 کەسی دورزیان کوشتووە لە پارێزگای ئیدلیب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمەش لە پاش دەمە قاڵێـیەکی نێوانیان.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی پـنجشەممە گوتی لە گوندی لۆزە لە ناوچەی "جەبەل ئەلسوماق" کەسێـکی سەرکردە لە بەرەی نوسرە کە تونسیـیە، ڕۆژی چوراشەممە هەوڵی دابوو ماڵی کەسێـکی دورزی بە تاڵان بـبات بە بیانوی گوایە ئەو کەسە سەر بە حکومەتی ئەسەدە، بەڵام کەسوکاری خاوەن ماڵەکە ڕێگەیان پێ نەدابوو و دەمە قاڵێ لە نێوانیان دروسـتبووە و پاشان بووە بە ناڕەزایی لەو ناوچە زۆرینە دورزیـیە و دواتر بووە بە شەڕە تەقە.

کۆمەڵەکە گوتیشی ئەو سەرکردەیەی نوسرە کە بە "ئەلسەفینە" ناسراوە، چووە ژمارەیەک چەکداری خۆی هێناوە و خەڵکی گوندەکەی بە کافر ناودێرکردووە و خۆی و چەکدارەکانی کەوتوونەتە تەقەکردن لێـیان و لە ئاکامدا 20 کەس کوژراون کە لە نێویاندا خەڵکی بە تەمەن هەن لەگەڵ منداڵێـک. دواتر ژمارەیەک لە خەڵکی گوندەکە تەقەیان لێکردوونەتەوە و 3 چەکداری بەرەی نوسرە کوژراون.

لە لایەکی دیکەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی سوریا گوتیان بە لایەنی کەم 30 کەس بە دەسـتی بەرەی نوسرە و بزوتنەوەی " ئەحرار ئەلشام" لەو کوشتنکاریـیەدا کوژراون.