گەورە بەرپرسێکی ئیمارات سەردانی سوریا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕۆژی سێشەممە گەیشتە دیمەشق و لەوێ لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کۆبوویەوە. ئەمە یەکەم جارە لە دوای 10 ساڵ بەرپرسێکی باڵای ئیمارات سەردانی سوریا بکات.

هەردوو ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئیمارات و سانای سوریا هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە و لەسەر ماڵپەڕەکانیان نووسیویانە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا پـێشوازی لە شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهەیان، وەزیری دەرەوە و هاوکاری نێودەوڵەتی ئیمارات کردووە و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندی دووقۆڵی و ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات کرد لە بواری جۆراوجۆردا.

ئەم کۆبوونەوەیە دوایەمین نیشانەی باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و ئیماراتە لە پاش ئەوەی وڵاتانی کەنداو لە مانگی دووی ساڵی 2012 پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریادا بچڕاند بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکانی سەرانسەری سوریا کە خۆپیشاندەران لەو کاتەدا داوای گۆڕینی ڕژێمیان دەکرد، بەڵام دواتر بارودۆخەکە گۆڕا بۆ شەڕێکی وێرانکار کە سەدان هەزار کەسی تێدا کوژرا.

پـێشتر وەزارەتی بازرگانی ئیمارات مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە لەگەڵ سوریا ڕێککەوتوون لەسەر پلانی داهاتوو بۆ بەهێزکردنی هاوکاری ئابوری.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئیمارات هاوبەشێکی بازرگانی جیهانی دیاری سوریایە بە پشکی 14٪ ی بازرگانی دەرەوەی سوریا.

هەروەها مانگی ڕابردوو، شانشینی ئەبو زەبی و فەرمانڕەوای دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد باسی لە پێشهاتەکانی سوریا کرد.

ئەمە دووەم پەیوەندی نێوان ئەو دوو سەرکردەیە بوو لە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی لە مانگی ئازاری 2020 وە و لەو ماوەیەدا باسیان لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووە کرد.

ئیمارات تاکە وڵاتی عەرەبی نییە کە لە حکومەتەکەی ئەسەد نزیک دەبێتەوە.

لە مانگی نۆی ئەمساڵدا بەشار ئەسەد بۆ یەکەمجار لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا پەیوەندی کرد بە شا عەبدوڵڵای ئوردنەوە. ئەو دوو وڵاتە لە سەرەتای مانگی پێشوودا دەروازەیەکی سنووری سەرەکی نێوانیان کردەوە.

هێشتا ڕوون نییە وڵاتانی دیکەی عەرەبی کە ئەسەد زوربەیانی بە پاڵپشتی جیهادی و یاخیبووان تۆمەتبار کردبوو، ئایا چاو لە ئیمارات دەکەن یان نا.