سێ سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە ئاماژەیان بەوەدا سعودیە بە نیازە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بانگهێشت بکات بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی کە ڕیاز میوانداری دەکات و بڕیارە مانگی پێنج بەڕێوەبچێت، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگە بە فەڕمی کۆتایی بە پەراوێزخستنی سوریا بهێنێت لە ناوچەکەدا.
دووان لە سەرچاوەکان وتیان وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان لە هەفتەکانی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات و بە فەڕمی بانگهێشتی ئەسەد دەکات بۆ کۆبوونەوەکە کە لە 19 ی مانگی پێنجدا بەڕێوەدەچێت.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی سعودیە و وەزارەتەکانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە لێدوانییان لەسەر بابەتەکە نەداوە.
وتەبێژی سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی جەمال ڕوشدی وتی ڕێکخراوەکە ئاگاداری هەموو ئەو هەنگاوانە نیە کە لەسەر ئاستی دوو قۆڵی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەگیرێنەبەر.
وتیشی " بڕیار نیە پێشوەخت سەبارەت بە سەردانە گریمانەکراوەکان ئاگادار بکرێینەوە."
ئامادەبوونی ئەسەد لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبیدا دەبێتە گرنگترین پەرەسەندن لە چاکسازییەکانی نێو جیهانی عەرەبیدا لە ساڵی 2011 ەوە، کە ئەو کاتە سوریا لە ڕێکخراوەکە کرایە دەرەوە. ئەسەد لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبییەوە بایکۆت کراوە، ئەوەش بەهۆی سەرکوتکارییە دڕندانەکەیەوە دژی خۆپیشاندەرانی سوریا کە دواتر بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا.
مانگی ڕابردوو سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وت ڕیاز و دیمەشق گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتردا دوای مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی موسوڵمانان. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕێککەوتنەکەی پشتڕاست نەکردۆتەوە بەڵام وتی لە گفتوگۆدان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوریادا بۆ دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان لە وڵاتەکانیاندا.
یەکێک لە سێ سەرچاوەکە وتی دوو وڵاتەکە زیاتر لە ساڵێکە لە گفتوگۆی بەردەوامدان سەبارەت بە کۆمەڵێک داواکاری سعودیە بۆ سوریا، ئەوەش وەکو مەرجێک بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، یەکێک لە داواکان هاریکاری نزیکی نێوان دوو وڵاتەکەیە سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
یەکێک لە سەرچاوەکان وتی گفتوگۆ سەرەتاییەکان سەبارەت بە سەردانێکی شازادە فەیسەڵ بۆ دیمەشق یاخود سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد بۆ سعودیە بەهۆی بومەلەرزەکانی سوریا و تورکیاوە دواخران.
میسڕی ئەندامی باڵای کۆمکاری عەرەبی هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەددا ئاسایی بکرێنەوە. ڕۆژی شەممە لە سەردانێکی فەڕمی وەزیری دەرەوەی سوریادا بۆ میسڕ دوو وڵاتەکە ڕێککەوتن لەسەر پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانیان.
سەرچاوەیەکی ئاسایشی میسڕ بە ڕۆیتەرزی وت ئامانج لە سەردانەکە دانانی هەنگاوەکان بووە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، ئەوەش لە ڕێی نێوەندگری سعودیە و میسڕەوە.
هەندێک لە وڵاتانی وەکو ئەمەریکا و قەتەڕ دژایەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە لەگەڵ ئەسەددا، هۆکارەکەیان گەڕاندۆتەوە بۆ دڕندەیی حکومەتەکەی ئەسەد لە ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا و هەروەها پێویستییەکان بۆ بینینی پێشڕەوییەک بەرەو چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز