میدیاکانی سوریا باس لە کەوتنەخوارەوەی "دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل" لە دیمەشق دەکەن

دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سوریا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە ڕۆژئاوای دیمەشق خستووەتە خوارەوە، وتیشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیلەوە هاتوون بۆ ڕۆژئاوای دیمەشق.

سوپای ئیسڕائیل وتی لێدوان لەسەر ڕاپۆرتی دەزگا ڕاگەیاندنە بیانییەکان نادات.

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا وتی بەرگرییە ئاسمانییەکان وەڵامی " ئامانجی دوژمنکارییان " داوەتەوە لە دەوروبەری دیمەشق.

لە مانگی دوانزەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران، بە جەنەڕاڵێکی هەواڵگری باڵاشەوە.

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 85 ئامانجی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت لە عێراق و سوریادا، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە هێرشە کوشندەکەی سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکایی.

سەرچاوەکانی نزیکە لە بابەتەکەوە دەڵێن سوپای پاسدارانی ئێران هەندێک لە ئەفسەرە باڵاکانی لە سوریا کشاندووەتەوە. باڵیۆزی ئێران لە سوریا ڕۆژی سێشەممە وتی ئێران هێشتا لە سوریا " بوونی " هەیە. بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی سەردانی لوبنان بکات و هەفتەی داهاتووش سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز