گروپە چەکدارییە یاخیبووەکانی سوریا ڕۆژی شەممە بەردەوام بوون لە پێشڕەوییە خێراکەیان و دەڵێن زۆربەی ناوچەکانی باشووری سوریایان کۆنتڕۆڵ کردووە، هاوکات هێزەکانی حکومەتی سوریا خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەرگریکردن لە شاری حومسی سەرەکی لە ناوەڕاستی سوریا، لە هەوڵییاندا بۆ پاراستنی دەسەڵاتە 24 ساڵەییەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد.
دوای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر یاخیبووەکان کۆنتڕۆڵی شاری حەلەبییان کرد، بەرگرییەکانی حکومەت لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پەشۆکاون، لە کاتێکدا یاخیبووەکان کۆمەڵێک شاری گەورەیان کۆنتڕۆڵ کرد و لە چەند شوێنێک دەرکەوتنەوە کە باوەڕوابوو ئەو گروپە چەکدارییانە لە مێژە لەو ناوچانەدا نەماون.
جگە لە کۆنتڕۆڵکردنی حەلەب لە باکوور و حەما لە ناوەڕاست و دەیرەزوور لە ڕۆژهەڵات، یاخیبووەکان دەڵێن شارەکانی کونێترا و دیرا و سوەیداشیان لە باشوور کۆنتڕۆڵ کردووە.
بەرگرییەکانی حکومەت سەنگییان خستووەتە سەر حومس، سەرچاوە سەربازییەکان و کەناڵی سەر بە دەوڵەت دەڵێن هێرشی ئاسمانی گەورە دەکرێتە سەر پێگەی گروپە چەکدارییەکان و هێزێکی پشتیوانی گەورە گەیشتوون و بە دەوری شارەکەدا چاڵییان هەڵکەندووە و بەرگری لێدەکەن.
هاوکات گروپە چەکدارییە یاخیبووەکان نزیکەی سەرانسەری باشووری ڕۆژئاوای سوریایان کۆنتڕۆڵ کردووە و وتییان سەناماینییان کۆنتڕۆڵ کردووە کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی دیمەشق بۆ ئوردن. سوپای سوریا وتی خۆی ڕێکدەخاتەوە، بەڵام دانی بە لە دەستدانی ناوچەکانیدا نەنا.
ڕووداوەکانی ئەمدواییانە پایتەختەکانی وڵاتانی عەرەبی توشی سەرسوڕمان کردووە و هەروەها ترس و نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە لەسەر کەوتنەوەی ناسەقامگییرییەکی زیاتر لە ناوچەکەدا، قەتەڕ ڕۆژی شەممە وتی ئەم دۆخەی ئێستا مەترسی لەسەر یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سوریا دروست کردووە.
بەرپرسانی ڕۆژئاوا دەڵێن سوپای سوریا لە دۆخێکی سەختدایە، ناتوانێت دەستکەوتەکانی یاخیبووەکان ڕابگرێت و ناچار بووە بکشێتەوە.
ئەسەد لە مێژە پشتی بە هاوپەیمانەکانی بەستووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییە یاخیبووەکاندا، فڕۆکە جەنگیەکانی ڕووسیا لە ئاسمانەوە بۆردومانییان دەکرد و ئێرانیش هاوپەیمانەکانی وەکو حزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی ناو عێراقی ڕەوانەی سوریا دەکرد بۆ پتەوکردنی سوپای سوریا و لە ناوبردنی پێگەکانی یاخیبووەکان.
بەڵام لە ئێستادا ڕووسیا سەنگی خستووەتە سەر جەنگەکەی خۆی لە ئۆکرانیا، حزبوڵاش ڕووبەڕووی زیانێکی گەورە بووەتەوە لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئیسڕائیلدا، ئیسڕائیل بە شێوەیەکی بەرچاو تواناکانی حزبوڵا و ئێرانی کەمکردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئەسەد.
ڕووسیا ڕۆژی هەینی داوای لە هاووڵاتیانی کرد سوریا جێبهێڵن. بەرپرسێکی ئێرانیش وتی ئێران خێزانی دیبلۆماتکارەکانی لە سوریا دەگوازێتەوە.
بەرپرسانی ڕۆژئاوا دەڵێن حزبوڵا هەندێک لە " هێزی سەرپەرشتیاری " ڕەوانەی حومس کردووە، بەڵام هەر ڕەوانەکردنی هێزێکی گەورە دەبێتە هۆی دەرکەوتنییان و مەترسی ئەوەیان لەسەر دەبێت ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل ببنەوە. لوبنان وتی ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل هێرشی کردووەتە سەر دوو خاڵی سنووری نێوان لوبنان و سوریا.
دووان لە فەرماندەکانی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق وتییان گروپەکانییان لە ئامادەباشیدان، هەزاران چەکدارییان ئامادەن بۆ ڕەوانەکردنییان بۆ سوریا، زۆرێکییان لە نزیک سنوورەکە کۆبوونەتەوە. بەڵام هێشتا فەرمانییان وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی بچنە سوریاوە. وتەبێژێکی حکومەتی عێراق وتی عێراق هەوڵی دەستوەردانی سەربازیی نادات لە سوریادا.
ئێران و ڕووسیا و تورکیا ڕۆژی شەممە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکانی سوریا. تورکیا پشتیوانکاری سەرەکی گروپە چەکدارییە یاخیبووەکانە.
وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی بە کەناڵێکی ئێرانی وتی " هیچ بڕیارێکی دیاریکراو نەدراوە سەبارەت بە ئاسۆی داهاتووی سوریا." وتیشی کۆبوونەوەکانی لە دەوحە سەنگییان خستووەتە سەر پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سوریا و ڕێگریکردن لە " ئەگەری دەرەنجامەکانی " لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز