حکومەتی سوریا بە ئاگربەست قایل دەبێت

سوریا قایلبوونی خۆی بەو ئاگربەستە ڕاگەیاند کە لە لایەن ئەمەریکا و ڕووسیاوە پـلانی بۆ دانراوە سەرانسەری وڵاتەکە بگرێتەوە جگە لەو ناوچانەی داعش و بەرەی نوسرە لێن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند حکومەتی وڵاتەکەی قایل بووە بە ڕاگرتنی شەڕ لەسەر بنچینەی بەردەوامبوونی هەوڵە لەشکریـیەکان لە دژی داعش و بەرەی نوسرە و ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی دیکەی پەیوەندیـیان پـێوەی هەیە لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە، ئەمەش هەر وەکو چۆن لە ڕاگەیاندنەکەی ڕووسیا و ئەمەریکادا هاتووە.

پاشان سەرچاوەکە گوتی بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە لەو ڕۆژەی دیاریکراوە کە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 27 ی مانگی دووە، ئەوا حکومەتی سوریا ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ڕووسیایی بۆ دەسـتنیشانکردنی ناوچەکان و گروپە چەکدارەکانی ئاگربەستەکە دەیانگرێتەوە.

گوتیشی حکومەتی سوریا جەخت لەوەش دەکاتەوە کە گرنگە سنوورەکانیش کۆنترۆڵ بکرێن و ئەو کۆمەکانەشی لە لایەن هەندێـک وڵاتەوە پـێشکەش بە گروپە چەکدارەکان دەکرێن دەبێت ڕابگیرێن و هەروەها ڕێگە نەدرێت ئەو گروپانە لە ماوەی ئاگربەستەکە خۆیان بەهێزبکەن یان شوێنەکانیان بگۆڕن.

لە هەمان کاتیشدا ئاگاهی دا کە هێزەکانی وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەیان دەبێت ئەگەربێت و لە لایەن ئەو گروپانەوە هێرشیان بکرێتەسەر.

ئۆپـۆزسیۆنی سوریاش لە زاری ڕیاز حیجاب بەرپـرسی دەسـتەی باڵا بۆ دانوستاندنەکان ڕایگەیاند گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ڕەزامەندیـیان دەربڕیوە کە بە ئاگربەستێـکی کاتی قایل بن بەو مەرجەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی مسۆگەری بکات ڕووسیا و ئێران و میلیشیاکانی هاوپەیمانیان شەڕ ڕابگرن و گەمارۆی سەر ناوچەکان لابەرن و ڕێگە بدەن یارمەتیـیەکان بە خەڵکی گەمارۆدراو بگەن و هەروەها دەسـتگیرکراوەکان ئازادبکرێن.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا و ڕووسیا دوێنێ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند پـلانێـکیان بۆ ئاگربەست لە سوریا داناوە کە لە 27 ی مانگی دووەوە بکەوێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ستافان دیمستۆرا نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا لای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست هەموو لایەنەکان پابەندی بن و گوتی لەم هەفتەیەدا تیمێـکی کار پـێکدەهێنێت بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە.

گوتیشی گروپە تێرۆرستیـیەکان تەنیا ئەوانەن کە لە نێو لیستی ئەنجومەنی ئاسایشدا هەن.