ڕێبەری هاوبەندیـیەکی توندڕەوی سوریا دەڵێت لە پارێزگای ئیدلیب ڕووبەڕووی هێزەکانی حکومەت دەبنەوە

ڕێبەری هاوبەندی ناسراو بە "هەیئەت تەحریر ئەلشام" دەڵێت لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا شەڕی هێزەکانی حکومەتی سوریا دەکەن و ئامادە نین وەکو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرعا پاشەکشە بکەن.

ئوسامە عەبسی ئەلواحیدی ناسراو بە ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی لە وتارێکی تۆمارکراودا کە لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکرایەوە، گوتی هاوبەندیـیەکەی بە هاوکاری گروپەکانی دیکەی پارێزگای ئیدلیب توانیویانە شکستبهێنن بە پیلانەکانی حکومەتی سوریا بۆ دووبارەکردنەوەی سیناریۆی باشوری وڵاتەکە لە باکور لە ڕێگەی چەند ڕێکەوتنێکی خۆبەدەستەوەدان و ئاشتبوونەوە.

گوتیشی ئەوەی لە پارێزگای دەرعای باشوری وڵاتەکە ڕوویدا هەرگیز لە پارێزگای ئیدلیب دووبارە نابێتەوە و هەرچ هەنگاوێک بەو ئاڕاستەیەدا بنرێت، ئەوا خیانەتە.

جێی ئاماژەیە هاوبەندی هەیئەت تەحریر ئەلشام کە بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە گروپی سەرەکیـیەتی، لە مانگی یەکی ساڵی 2017 وە دامەزراوە و لە شەش گروپ پـێکهاتووە و ناوچەیەکی فراوانی پارێزگای ئیدلیب کۆنترۆڵ دەکات.

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، لە 26 ی مانگی حەوت گوتی لە قۆناغی داهاتوو پارێزگای ئیدلیب ئامانجی سەرەکی هێزەکانی دەبێت.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکانی ناو ئەو وڵاتە لە ئێستادا لەشکری سوریا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ناوچە گوندیـیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای لازقیـیە کە دەکەونە بەرامبەر ناوچەی جسر ئەلشەغوری ڕۆژئاوای پارێزگای ئیدلیب.