هونەرمەندێکی سوریایی لە پەیامێکی سیاسییدا پەیکەرێک لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەشکێنێت

پەیکەرسازی سوریایی خالید داوە ڕۆژی هەینی پەیکەرە زەبەلاحەکەی لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە جنێڤ شکاند، ئەوەش وەکو دەربڕینی ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی بێسەروشوێنبوونی دەیان هەزاران کەس لە سوریا.

کەسوکاری سوریاییە بێسەروشوێنبووەکان یارمەتی هونەرمەندەکەیاندا بە چەکوش و مشار پەیکەرە دار و فۆم و پلاستەرەکە تێکبشکێنێت، ئەمەش لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنبوواندا.

پەیکەرسازە 39 ساڵەکە کە بە دەربەدەری لە فەڕەنسا دەژی وتی " ئێمە لێرەین بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی سیستمەکە، بۆ ئەوەی بڵێین ' بەسە '. مافی خۆمانە ڕاستییەکە بزانین."

بیرۆکەی خۆپیشاندانەکە لەلایەن گروپی مافەکانی مرۆڤی سوریا کەمپینی سوریاوە بووە کە پێشنیاری بۆ داوە کردووە پەیکەرەکەی کە ڕەنگدانەوەی سەرکۆنەکردنی دەسەڵاتی سەرکوتکارە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا بشکێنێت.

داوە ئەو پەیکەرەی لە ساڵی 2021 دا لە پاریس دروست کردووە کە ناوی " پاشای کونەکانە " و نیازی ئەوەی هەبووە کە دواتر بیشکێنێت. وتی " ئەوە پارچەیەکی لاوازە کە هێشتنەوەی سەختە."

داوە بەشداری کردووە لە خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبیدا لە ساڵی 2012 دا کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا.

لە مانگی پێنجی ساڵی 2013 دا لە ستودیۆکەی بووە کاتێک بە پارچەی فیشەکی هێلیکۆپتەرێکی حکومەت بە سەختی بریندار بووە و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرەوە بۆ ماوەی دوو مانگ زیندانی کراوە. پەیکەرەکەی ڕەنگدانەوەی ئەم ڕووداوەیە و قاچ و ڕووخسار و قۆڵەکانی پەیکەرەکەی هەمووی کونی بچووکییان تێدایە.

وەفا موستەفای چالاکەوان لە ڕێکخراوی کەمپینی سوریا کە لە ساڵی 2013 ەوە باوکی نەبینیوەتەوە، وتی " ئەم پەیکەرە بۆ هەموو خێزانە سوریاییەکانی ئێرە، تەنها نوێنەرایەتی ڕژێمەکەی ئەسەد ناکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرپرسە لە دەستبەسەرکردنی خۆشەویستانمان."

وتی " بەڵکو نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات کە لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا نائومێدییان کردووین و تاوەکو ئێستا هیچ کارێکی ڕاستەقینەیان نەکردووە بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکەی ناو سوریا، هەروەها پێدانی مافە سەرەتاییە مرۆییەکان بە سوریاییەکان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس