هێزە کوردییەکان دەیان ئەندامی ڕێکخراوی داعش لە سوریا دەستبەسەر دەکەن

هێزەکانی سوریای دیموکرات

بەپێی بەیاننامەیەک، هێزە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت ڕۆژی چوارشەممە ئۆپەراسیۆنێکیان دژی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا ئەنجامداوە، ئەوەش وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشەکەی مانگی ڕابردووی داعش لەو ناوچەیەدا.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند " هێرشییان کردووتە سەر دەیان خاڵ و حەشارگە " لە شاری ڕەققە و دەوروبەری کە پێشتر لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو، لە میانەی هێرشەکاندا دەیان ئەندامی گومانلێکراوی داعشییان دەستگیرکردووە. لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا پشتیوانی ئاسمانییان لە هێزە کوردییەکان کردووە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێرییان کردوون.

ئۆپەراسیۆنەکە وەڵامێک بۆ هێرشەکەی کۆتایی مانگی دوانزەی داعش لە ڕەققە کە بووە هۆی کوژرانی شەش ئەندامی هێزەکان بە ڕابەرایەتی کوردانی سوریا. سوپای سوریای دیموکرات ڕاشیگەیاند " ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشییان " لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش پێکهێناوە.

هێزە کوردییەکانی سوریا بەردەوام ئەرکی ئێشکگری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیماناندا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی داعش ئەنجام دەدەن. ئەرکەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیاوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی کوردەکانی سوریا ڕاگیران.

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان، داعش " هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی شانە نووستووەکانی و دەستنیشانکردنی ڕابەری نوێ " دەدات. هەروەها هەوڵ دەدات " ڕێنمایی دەربکات بۆ گۆڕینی هێرشە تیرۆریستییەکان لە یەک کەسەوە بۆ چەند کەسێک دژی ئەو بەندینخانانەی کە ئەندامانی داعشییان تیادا بەندکراوە."

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، زیاتر لە 42,400 چەکداری بیانی و نزیکەی 32,200 سوری بە تۆمەتی ئەندامێتییان لە داعشدا لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە کامپ و بەندینخانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا زیندانی کراون.

سەرچاوە/ AP