سوریا: لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا دوو سەربازی سوریایی برینداربوون

وەزارەتی بەرگری سوریا دەڵێت لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی سوریا دوو سەربازیی وڵاتەکە بریندار بوون.

وەزارەتەکە وتی هێرشە ئاسمانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە لەلایەن " ئیسڕائیلی دوژمنەوە " لە نزیک پارێزگای دەیرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوویداوە.

سوپای ئیسڕائیل لێدوانی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکە نەداوە.

چەندین ساڵە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر پێگە سەربازییەکانی سوریا و دەڵێت هێرشی پێچەوانەن دژی هێزەکانی سەر بە ئێران کە بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدییان داوە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا.

شەڕی ناوخۆی سوریا کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە بووەتە هۆی کوژرانی نیو ملیۆن کەس و ملیۆنان هاووڵاتی ناچار کردووە هەڵبێن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا