زیندانە ترسناکەکانی ئەسەد نهێنییەکان ئاشکرا دەکەن

سوریاییەکان لە پشت دیوارە کۆنکریتەکانی بینای ئاسایشی دیمەشقدا لە ژێر ترس و تیرۆردا ژیاون. ئێستا کە دەسەڵاتەکەی ئەسەد نەماوە، زیندانەکانی و ژوورەکانی ئەشکەنجەدان لە بیناکەدا نهێنییەکانی ئاشکرا دەکەن.

ئێستا چەکدارانی یاخیبوو لە دەروازەکانی شارە قەدەغەکراوەکە لە ناوچەی کفر سووسەی دیمەشقی پایتەخت پاسەوانی دەکەن، بارەگاکانی دەزگا ئاسایشییە ترسناکەکان لەوێ لە تەنیشت ئۆفیسەکانی حکومەتدا بوون.

ژمارەیەکی زۆر لەو دەزگا جیاوازانەی کە چاودێری ژیانی سوریاییە ئاساییەکانییان دەکرد، هەریەکەیان بۆ خۆیان زیندانی ژێرزەمینی و ژووری لێکۆڵینەوەیان هەبووە، لەناو بارەگای دیوارداری وەزارەتی بەرگریدا.

سوریاییەکان دەترسان لەوەی بانگ بکرێن بۆ لێپرسینەوە و لەوە دەترسان کە هەرگیز نەگەڕێنەوە.

فرانس پرێس سلێمان خەواجی دۆزییەوە کە لە ناو بارەگایەکدا دەسوڕایەوە و دەیویست ئەو بینایە بدۆزێتەوە کە تێیدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و دواتر دەستبەسەر کراوە.

وتی هێشتا لە قوتابخانەی ناوەندی بووە کاتێک لە ساڵی 2014 دا دەستگیرکراوە بە گومانی " تیرۆر ".

وتی " 55 ڕۆژم لە ژێرزەمیندا بەسەربرد. 55 کەس بووین لە زیندانێکدا، دووان مردن یەکێکییان بەهۆی شەکرەوە."

زیندانە تاکەکەسییەکان ئەوەندە بچووکن کە تەنانەت ناتوانیت پاڵیش بکەویت.

زیندانییەکی دیکە بە ناوی تایر موستەفا دەڵێت 80 زیندانی لە زیندانێکدا داندرابوون و ناچار دەکران بەسەرە بخەون.

سەرجەم زیندانەکانی دیکە ڕۆژی یەکشەممە ئازادکران، ئەوەش دوای ئەوەی یاخیبووەکان کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کرد و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند.

ژمارەیەکی زۆر چوونە ناو ناوچەی ئاسایشی دیمەشقەوە و ئۆفیسەکانییان لە نهۆمی سەرەوەی بیناکە تێکدا.

هەزاران بەڵگەنامەی هەواڵگری دۆزرانەوە، لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە دەڵێت زیاتر لە 10,000 کەس بە گومانی ئەندامێتی لە برایەتی موسوڵماناندا زیندانیکراون. لە ساڵی 1980 ەوە لە سوریا سزای ئەندامێتی لە برایەتی موسوڵماناندا مەرگ بووە، دوو ساڵ پێش ئەوەی حافزی باوکی ئەسەد فەرمانی بە سوپا کرد یاخیبوونێک سەرکوت بکات و هێرشی کردە سەر شاری حەما و 10,000 بۆ 40,000 کەسی کوشت.

لە نوسراوێکی دیکەی نهێنیدا باس لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی بەڕیتانیایی دەکات کە بە ڕەچەڵەک سوریایی بووە و گومانی ئەوەی لێکراوە کاری بۆ هەواڵگری بەڕیتانیا کردبێت.

هیچ شتێک لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە بە کەم نەزاندراوە. تەنانەت تۆمار هەن لەسەر چالاکییەکانی هاووڵاتیانی ئاسایی و ڕۆژنامەنووسان و سەرکردە ئاینییەکانیش.

تەنانەت وەزیرەکانیش پارێزراو نەبوون. لە لیستی ئەندامانی حکومەتەکەی ئەسەددا، بریکارێکی دەزگای ئاسایش دانپێدانانی سەرجەم وەزیرەکانی تۆمار کردووە، بە سوننە و عەلەوی و کریستیان و دروزیشەوە.

دەزگاکانی ئاسایش تۆڕێک لە بەکرێگیراوییان هەبووە کە بە وردەکارییەوە زانیارییان داوە لەسەر ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خەڵکەکە.

لە ڕۆژی شەممەوە خێزانەکان دەگەنە دەروازەکانی ناوچەی ئاسایشی دیمەشق، بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەن هەواڵێکییان دەستبکەوێت لەسەر چارەنووسی خۆشەویستە بێسەروشوێن بووەکانییان.

زۆرێکییان دوای سەردانیکردنی زیندانی سەیدنایا هاتوون بۆ ناوچەی ئاسایشی دیمەشق، زیندانی سەیدنایا زیندانێکی گەورەیە و دەکەوێتە قەراغی دیمەشق. خولەیدە ئەمینی تەمەن 53 ساڵ وتی " بیستمان کە زیندانی نهێنی هەیە لێرە، من بە دوای کوڕەکەم ئوبادا ئەمینیدا دەگەڕێم، کە لە ساڵی 2013 دا دەستگیرکرا."

وتی " لە قۆناغی چواری بەشی ئەندازیاری بوو، چووم بۆ سەیدنایا بەس نەمدۆزییەوە."

وتی " پێیان وتم لێرە زیندانی نهێنی هەیە. هیودارم سەرجەم زیندانییە سوریاییەکان ئازاد بکرێن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس