ساڵح موسلم : تا ئێستا هیچ هێزێكی ئه‌مریكا له‌سوریا نه‌كشاوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو هێزه‌كان له‌ شوێنی خۆیانن

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەیەده‌

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ساڵح موسلیم
به‌رپرسی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك “ته‌ڤده‌م”و هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌ وتی" لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەوێ تا ئێستا هیچ کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا نەبووە جموجۆڵێکی "نۆرماڵ" هەیە لەهاتوچۆکردن هەتا ئێستا ئه‌و هێزانه‌ لە شوێنه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌زه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ دعش له‌جێگاكانی خۆیان ماونه‌ته‌وه‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا وه‌ك كورده‌كان هیچ گفتوگۆیه‌كتان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان كردووه‌ له‌باره‌ی بڕیاری كشانه‌وه‌یان له‌ سوریا، به‌تایبه‌ت باكوری سوریا؟ ساڵح موسلیم وتی" بەڵێ ئێستا دانوستان هەیە لە نێوان ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات (مەسەدە)و هاوپەیمانان، به‌گشتی كاره‌كان مه‌سه‌ده‌ پێی هه‌ڵده‌ستێت ورده‌كاری زیاتر نازانم چیه‌؟ به‌ڵام هاتوچۆ و په‌یوندی له‌نێوان ئه‌وان و (مه‌سه‌ده‌)دا هه‌یه‌."

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا به‌گشتی به‌تایبه‌ت بۆ كورده‌كان چیه‌؟

ساڵح موسلیم وتی" كورده‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتیان به‌هێزی خۆیان به‌ستووه‌ بێ ئه‌وه‌ی پشت به‌ هێزێكی بیانی ببه‌ستن، هه‌تا كاتی هاتنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ئه‌وان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هاوكاریان كردین، به‌ڵام ئێمه‌ كاری خۆمان ده‌كه‌ین پشت به‌هێزی خۆمان ده‌به‌ستین خۆ ئه‌گه‌ر هێزی بیانیش به‌رده‌وام بێت ئه‌وا باشتره‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌كاری خۆمان به‌رده‌وامین و پشت به‌گه‌لی خۆمان ده‌به‌ستین."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پاش بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سوریا( ئه‌گه‌رچی له‌وه‌ڵامی یه‌كه‌م وتت ئێستا نه‌كشاونه‌ته‌وه‌) ئایا هه‌ست به‌ هیچ جموجۆڵێكی هێزه‌كانی توركیا ده‌كرێت له‌ناوچه‌كه‌؟

ساڵح موسلیم وتی" به‌ڵێ كاریگه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت به‌ كورد و هه‌رێمه‌كه‌شه‌وه‌ به‌گشتی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ توركیا ده‌یویست شه‌ڕی ناوخۆی سوریا ته‌شه‌نه‌ بسه‌نێت تا داگیری وڵاته‌كه‌( سوریا) بكات، وه‌ توركیا نایه‌وێت هێزی ئه‌مریكی له‌هه‌رێمه‌كه‌ بێت تا گرژییه‌كان زیاتر بن."

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا به‌رپرسی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك “ته‌ڤده‌م”و هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌ له‌باره‌ی مه‌ترسی هه‌ندێك له‌چاودێرانی كورد كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌سوریا بكشێته‌وه‌ توركیا "جینۆسایدی" كورده‌كان ده‌كات، ڕایگه‌یاند" له‌ عه‌فرین ئه‌زمونمان هه‌یه‌، كاتێك توركیا هاته‌ شاره‌كه‌ جگه‌ له‌ڕێگه‌گرتن له‌ ئاڵا و زمان، هاوكات زمانی توركی و په‌روه‌رده‌ی توركی هێنایه‌ عه‌فرین، توركیا به‌ ئومێدی داگیركردنی سوریا و خۆ فه‌رزكردنه‌، جگه‌له‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش كورد قبوڵ ناكات."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا جۆن بۆڵتن ڕۆژی یەکشەممە مەرجێکی نوێی دانا بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا و وتی دەبێت تورکیا ڕازی بێت لەسەر پاراستنی کوردەکان کە هاوپەیمانی ئەمەریکان."

ساڵح موسلیم ده‌ڵێت" تا ئێستا بۆ ئێمه‌ش ڕوون نیه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌گه‌ر كراوه‌ له‌نێوان ئه‌مریكا و توركیا چۆنه‌؟ وه‌ ئه‌وه‌ به‌په‌له‌ ناكرێت به‌ پلان ده‌كرێت، به‌ڵام توركیا بۆ هه‌موو كورد له‌هه‌رشوێنێك یه‌ك تڕوانینی هه‌یه‌ له‌هه‌ر شوێنێك كورد هه‌بێت توركیا دژایه‌تی ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ بابه‌تی پاراستنی كورده‌كان له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌، قبوڵ ناكرێت هیچ هێزێكی تر بێته‌ ناوچه‌كه‌، توركیا خۆی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی دروست كردووه‌ و هاوكارییان ده‌كات تا دۆخه‌كه‌ به‌و ئاڵۆزییه‌ بمێنێت بۆیه‌ بڕواناكه‌م ڕێكه‌وتنی وا له‌گه‌ڵ توركیا سه‌ركه‌وتوبێت."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌پاش بڕیاری كشانه‌وه‌كه‌ هاوكاری ئه‌مریكا بۆ كورده‌كان هه‌ر به‌رده‌وامه‌؟ ساڵح موسلیم وتی" به‌ڵێ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هێزكانی سوریای دیموكرات به‌رده‌وامه‌ كه‌ كورده‌كان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هێزه‌ن."

له‌به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌ ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی به‌ گفتوگۆكانی نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریا كرد، به‌تایبه‌ت دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سوریا؟ ساڵح موسلیم وتی" به‌ڵێ گفتوگۆكان له‌ مێژه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا هه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌سوریا، له‌سه‌ره‌تاوه‌ بڕیاری ئێمه‌ گۆڕانكاریه‌ له‌سوریا جا ئه‌مریكا له‌سوریا بمێنێته‌وه‌ یاخود نا ئێمه‌ هه‌ر دانوستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سوریا ده‌كه‌ین."

ڕه‌تیشیكرده‌وه‌" هیچ ڕێكه‌وتنێك له‌ ئه‌نجامی ئه‌و دانوستانانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا كرابێت و وتی" تا ئێستا دانوستان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و هه‌ر هه‌یه‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك نه‌كراوه‌، چونكه‌ چه‌ند داواكاری و مه‌رجێك هه‌یه‌ ده‌بێت جێ به‌جێ بكرێن."

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ڕۆڵی ڕوسیا وتی" گفتوگۆشمان له‌گه‌ڵ ڕوسیا له‌ڕێگه‌ی ڕۆیشتنی شاندێكی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراته‌وه‌(مه‌سه‌ده‌) هه‌یه‌، گفوتوگۆكان ئه‌وان پێی هه‌ڵده‌ستن كه‌زیاتر به‌مه‌ستی ئه‌وه‌یه‌ ڕوسیا رۆڵی نێوانگیری له‌نێوان ئێمه‌ و حكومه‌تی سوریادا ببینێت."

ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی به‌خواستی كوردانی سوریا كرد بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له‌باكوری سوریا كرد و وتی" خواستی ئێمه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌رێمی دژه‌ فڕین هه‌بێت له‌باكوری سوریا چونكه‌ ئێمه‌ له ڕووی هێزی زه‌مینیه‌وه‌ به‌هێزین چونكه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ پاراستنی ئاسمانی بمێنێت به‌ڵێ داخوازی و ئومێدمان ئێستا ئه‌وه‌یه‌."

موسلیم پێشبینی كرد پاش ده‌سپێكردنی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڵام به‌شێك له‌و هێزانه‌ له‌ ناو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش بمێنێت، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" ئه‌مریكیه‌كان له‌ناو ئه‌و هاوپه‌یمانین كه‌ هێزی زیاتر له‌ شه‌ست ده‌وڵه‌تی تری تێدایه‌، وه‌ ئه‌وان له‌به‌ر ئێمه‌ نه‌هاتون له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هاتوون كه‌شه‌ڕی داعشه‌، به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ش شه‌ڕ و نه‌مانی داعشه‌، بۆیه‌ ئه‌وان له‌وێ بن یاخود نا ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌شه‌ڕی تیرۆر."

دوای داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه‌، به‌شێك له‌ به‌رپرسانی كوردی سوریا ڕوسیایان به‌ خیانه‌تكار دژی كوردانی باكوری سوریا ناوده‌برد، ئایا ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌سفی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن؟ ساڵح موسلیم به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" ڕوسیا و ئه‌مریكا به‌ ڕه‌زامه‌ندی خۆیان هاتون ناتوانین بڵێین خیانه‌تیان كرد، به‌ڵام كارێكی نادروست و ناڕێك و پێش وه‌خته‌ بوو، پێش هه‌فته‌یه‌ك وتیان ده‌كشێینه‌وه‌، وه‌ له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش ئێمه‌ به‌ته‌مای ئه‌مریكا نه‌بوین كه‌شه‌ڕی داعش و تیرۆرمان ده‌ست پێكرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مریكای لێبێت یاخود نا ئێمه‌ شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ین له‌هه‌ر جێگایه‌ك بێت."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و به‌هێزبونی داعش له‌سریا؟

ساڵح موسلیم وتی" به‌ڵێ كاتێك توركیا له‌سوریا بێت ئه‌و مه‌ترسیه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ هاوكاری داعشی كرد هه‌ر توركیا بوو، وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ره‌ی نوسره‌ی دروست كرد هه‌ر توركیا بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش و تیرۆری كرد له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ر ئێمه‌ بوین."

ئایا پێشبینی ده‌كه‌ی ئه‌مریكا هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه‌ یا وه‌ك هه‌ندێك بۆچون له‌ناو به‌شێك له‌كورده‌كان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌كارتی فشار و یاری دژ به‌ڕوسیا و توركیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌؟ ساڵح موسلیم وتی" ئه‌وه‌یا نازانم ، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا خۆی با چاوه‌ڕێ بكه‌ین بزانین چی ده‌بێت؟"

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیا محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ساڵح موسلیم JAN 10/019