شاندەکەی ئەوروپا بۆ تایوان: ئێوە بە تەنها نین

یەکەمین شاندی فەڕمی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تایوان وتی دورگەکە کە لەڕوویی دیبلۆماتیەوە پەراوێزخراوە بە تەنها نیە، داواشی کرد هەنگاوی ئازایانەتر بگیردرێتەبەر بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تایوان و یەکێتی ئەوروپا، ئەمە لەکاتێکدایە تایوان ڕووبەڕووی فشارە سیاسیی و سەربازییەکانی چین بۆتەوە.

تایوان کە هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا نیە جگە لە ڤاتیکان نەبێت، سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپادا پتەوبکات.

سەردانەکەی شاندەکەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تایوان لەکاتێکدایە چین فسارە سەربازییەکانی بۆ سەر دورگەکە زیادکردووە، بەردەوام فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی نزیک تایوان دەکات.

ڕافائیل گلوکسمانی ئەندامی فەڕەنسا لە پەرلەمانی ئەوروپا بە سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێنی وت " بە پەیامێکی زۆر ڕوون و سادەوە هاتووین بۆ ئێرە: ئێوە بە تەنها نین. ئەوروپا لەگەڵتاندایە."

وتیشی " سەردانەکەمان دەبێت وەکو یەکەم هەنگاوی گرنگ سەیر بکرێت، بەڵام سەردانی دووەممان دەبێت ئەجێندایەکی کۆنکریتمان هەبێت لە کۆبوونەوە ئاست بەرزەکان و پێکەوە هەنگاونان بۆ بونیادنانی هاوبەشیەکی بەهێزی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تایوان."

سەردانە سێ ڕۆژییەکە لەلایەن لیژنەی دەستوەردانی دەرەکی پەرلەمانی ئەوروپاوە ڕێکخراوە. ئۆفیسی سەرۆکایەتی تایوان لە بەیاننامەیەکدا وتی حکومەت لەگەڵ شاندەکەدا باس لە ئەزموونەکانی خۆی دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی وەکو " دەستوەردانی دەرەکی."

سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن هۆشیاریداوە لەسەر زیادبوونی هەوڵەکانی چین بۆ کارکردنەسەر دورگەکە و داوای لە دەزگاکانی ئاسایش کردووە بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە.

تسای بە شاندەکەی وت " هیوادارین بتوانین هاوپەیمانێتیەکی دیموکراتی دژی زانیاری نادروست پێکبهێنین."

وتیشی " باوەڕمان وایە تایوان و یەکێتی ئەوروپا بەدڵنیاییەوە دەتوانن بەردەوام بن لە پتەوکردنی هاوبەشیەکانمان لە سەرجەم بوارەکاندا."

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی چین وتی یەکێتی ئەوروپا نابێت ئاماژەی هەڵە بۆ هێزە جیاخوازەکانی تایوان بنێرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی ئەوروپییەکان دەبێت هەڵەکەی خۆیان ڕاست بکەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز