تایوان دەڵێت مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدات ئەگەر هاتوو هێزە چەکدارەکانی چین بێنە ناو خاکەکەیەوە. لەکاتێکدا کە چین چالاکییە سەربازییەکانی لە نزیک تایوانی دیموکراتخوازەوە زیاتر کردووە.
چین کە تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و تایوانیش بە توندی ئەوە ڕەت دەکاتەوە، لەم مانگەدا وەکو وەڵامێک بۆ سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی بۆ تایوان، مەشقی سەربازیی گەورەی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا.
بەرپرسانی بەرگری تایوان دەڵێن ئەرکە ئێشکگیرییە سەربازییە " چڕەکانی " چین لە نزیک تایوان بەردەوامن و پەکین بەنیازە تەنگەی تایوان بکاتە سەرچاوەی سەرەکی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. تەنگەی تایوان چین و تایوان جیا دەکاتەوە.
جێگری سەرۆکی ستافی گشتی تایوان بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆن و پلانەکان لین وێن هوانگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بۆ ئەو فڕۆکە و کەشتییانەی کە هاتوونە ناو ئاسمان و سنووری ئاویمانەوە بە 12 میلی دەریایی، سوپای نیشتیمانی مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و بەبێ جیاکاری هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدات."
تایوان چەند جارێکی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی چین کە بە گروپی بچووک بچووک لە نزیک دوورگەکانی تایوانەوە دەفڕن لە نزیک کەناراوەکانی چین.
لین گوتیشی سوپای تایوان مافی خۆیەتی هێرشی پێچەوانە دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی چین ئەنجام بدات کە وەڵامی ئاگادارییەکان نادەنەوە بۆ جێهێشتنی ناوچەکانی تایوان.
ڕۆژی سێشەممە تایوان بۆ یەکەمین جار تەقەی ئاگادارکەرەوەی لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چینییانە کرد کە نزیکی دوورگەیەکی تایوان ببونەوە، ئەوەش بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن فەرمانی بە سوپا کرد " ڕێوشوێنی پێچەوانەی توند " بگرنەبەر " دژی کارە وروژێنەرەکانی چین."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ژاو لیژیان دووبارە جەختی لە هەڵوێستی چین کردەوە و وتی تایوان سەر بە چینە.
گوتی " سەرەتا دەمەوێت پێتان بڵێم تایوان هەرێمێکی چینە، وەزارەتی بەرگری نیە. بەرپرسانی تایوان دەمارگیری دەکەن، ئەمە بێ مانایە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز