بومەلەرزەیەکی بەهێز لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تایوان دەدات و 146 کەس برینداربوون

دەزگای کەشناسی تایوان دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.8 لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تایوانی داوە و عەرەبانەی شەمەندەفەرەکانی لەسەر هێڵی خۆیان لابردووە و دوکانێکی ڕووخاندووە و سەدان کەسیش لە ڕێگای چیاکان گیرییان خواردووە.

دەزگای کەشناسی تایوان گوتی بومەلەرزەکە لە شارۆچکەی تایتونگی داوە و دوابەدوای بومەلەرزەکەی ڕۆژی شەممە بووە کە گوڕەکەی 6.4 بووە و لە هەمان ناوچەی داوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

دەزگای ئاماری جیۆلۆجی ئەمەریکا گوتی بومەلەرزەکەی ڕۆژی یەکشەممەی تایوان بە گوڕی 7.2 و بە قوڵایی 10 کم بووە.
بەشی ئاگرکوژێنەوەی تایوان گوتی کەسێک گیانی لەدەستداوە و 146 کەسی دیکە بریندار بوون.

چوار کەس لە بینایەکی ڕووخاو لە یولی ڕزگارکراون، سێ کەسی دیکە کە ئوتومبێلەکانیان لە پردێکەوە کەوتوونەتە خوارەوە ڕزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەڕێوبەرایەتی هێڵی ئاسنینی تایوان گوتی شەش عەرەبانەی شەمەندەفەرێک لەسەر هێڵەکە لایانداوە لە وێستگەی دۆنگلی لە ڕۆژهەڵاتی تایوان. بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی تایوان وتیشی زیاتر لە 600 کەس لە چیاکانی چایک و لیوشیشی گیرییان خواردووە، ئەوەش بەهۆی گیرانی ڕێگاکانەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتۆتەوە و تیمەکانی فریاکەوتنیش کار دەکەن بۆ کردنەوەی ڕێگاکان.

کەشناسی تایوان گوتی بومەلەرزەکە لە سەرانسەری تایوان هەستی پێکراوە، بیناکانی تایپیێی پایتەخت بۆ ساتێک لەریونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز