سەرۆکی تایوان بە نیازە سەردانی ئەمەریکا بکات

سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن

سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن سەردانی ئەمەریکا دەکات، وەزارەتی دەرەوەی چینیش سەرکۆنەی ئەنجامدانی ئەو سەردانەی کرد، بەڵام تایپێی هێشتا کۆبوونەوەی نێوان تسای ئینگ وێن و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

سەرۆکەکانی تایوان هەمیشە لە کاتێکدا کە سەردانی هاوپەیمانە دیبلۆماتییەکانیان دەکەن لە ئەمەریکای لاتین و پاسێفیک و کاریبیان، سەردانی ئەمەریکاش دەکەن.

ئەمەریکا هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، پەیوەندیی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە کە چین وەکو بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، بەڵام پشتیوانیکارێکی گرنگی تایوانە و گەورەترین دابینکاری چەکیشە بۆ تایوان.

وتەبێژی ئۆفیسی سەرۆکایەتی تایوان لین یو چان بە ڕۆژنامەنووسانی وت، تسای وەکو بەشێک لە گەشتەکەی بۆ گواتیمالا و بێلیزی، بە نیویۆرک و لۆس ئانجلسدا تێپەڕ دەبێت، لە 29 ی مانگی سێدا تایوان جێدەهێڵێت و 7 ی مانگی چوار دەگەڕێتەوە. سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وتووە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی بە نیازە لەگەڵ تسایدا کۆببێتەوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا کۆبوونەوەکەی تسای لەگەڵ مککارثیدا پشتڕاست دەکاتەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی تایوان ئالیکساندەر یو وتی وردەکاری سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا دواتر ئاشکرا دەکرێن کاتێک هەموو ئامادەکارییەکان تەواو دەبن.

لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشووی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی سەردانی تایوانی کرد، لە وەڵامدا چین چالاکییەکی سەربازیی گەورەی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی بە توندی دژایەتی هەر پەیوەندییەکی نێوان ئەمەریکا و حکومەتی تایوان دەکات و پێشتر ئەمەریکایان ئاگادار کردۆتەوە سەبارەت بە ناڕەزاییان.

وانگ وتی " دووبارە بەرپرسانی تایوان ئاگادار دەکەینەوە کە هیچ ڕێگەیەک نیە بۆ سەربەخۆیی تایوان، هەر خەیاڵێکیش سەبارەت بە هەوڵدان بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزێکی دەرەکیدا بۆ سەربەخۆیی و کاری وروژێنەرانە لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز