پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆنی تاجیکستان بە تۆمەتی پلانگێڕی بۆ کودەتا دەستگیر دەکرێت

سەرۆکی تاجیکستان ئیمۆمالی ڕاخمون

دەزگای هەواڵی خۆڤاری تاجیکستان بڵاویکردەوە یەکێک لە پەرلەمانتارە کەمەکانی ئۆپۆزسیۆنی تاجیکستان ڕۆژی هەینی لەسەر تۆمەتی پلانگێڕیکردن بۆ کودەتاکردن بەسەر حکومەتدا دەستگیرکراوە.

تاجیکستانی هاوپەیمانی ڕووسیا لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتەوە لەلایەن سەرۆک ئیمۆمالی ڕاخمونەوە فەرمانڕەوایی دەکرێت.

دەزگای هەواڵی خۆڤار بڵاویکردەوە لەسەر داوای داواکاری گشتی " پەرلەمانتار سەیدجافار ئوسمۆنزۆدا پارێزبەندی لەسەر لابراوە و دەستگیرکراوە."

پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکە پێشتر لە پاڵ سەرۆکدا وەستاوە و تەنها ئەندامی پارتی دیموکراتی تاجیکستانە کە لە پەرلەماندا بێت، لە کاتێکدا کە پارتەکەی ڕاخمون و پارتەکانی دیکەی لایەنگری سەرۆک لەو پەرلەمانەدا باڵا دەستن.

ئوسمۆنزۆدا بە تۆمەتی پلانگێڕیکردن بۆ کودەتایەک تۆمەتبار کراوە بە پشتیوانی دوو ڕێکخراو کە بە " تیرۆریست " لە قەڵەمدراون و لەلایەن بەرپرسانی تاجیکستانەوە قەدەغەکراون: هاوپەیمانی نیشتیمانی تاجیکستان و پارتی ژیانەوەی ئیسلامی تاجیکستان.

دەزگا هەواڵییەکە وتی ئوسمۆنزۆدا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لە مانگی نۆی ساڵی 2021 دا لەگەل سەرکردەیەکی هاوپەیمانی نیشتیمانی تاجیکستاندا تاوتوێی بەشداریپێکردنی " زیاتر لە 3000 چەکداری " جەماعەت ئەنساڕوڵایان کردووە، کە گروپێکی جیهادییە و لەسەر سنووری ئەفغانستاندا چالاکە.

وتیشی " پلانە تاوانکارییەکە " ئەوە بووە کە کۆنتڕۆڵی بیناکانی پۆلیس و دامەزراوە سەربازییەکان بکەن و " دەستبەسەر چەکەکاندا بگرن و بە بەکارهێنانی هێز حکومەت دووربخەنەوە."

وتیشی ئوسمۆنزۆدا بەڵێنی کۆکردنەوەی لایەنگرەکانی داوە و داوای 10 ملیۆن دۆلاری لە " نوێنەری وڵاتێکی بیانی کردووە."

خۆڤار وتیشی ئوسمۆنزۆدا وەکو گومانلێکراو دەستگیرکراوە و " تاوانەکەی بە تەواوەتی بە بەڵگەکانی دۆسییەی تاوان سەلمێندراوە."

لە ساڵەکانی نێوان 1992-1997 دا تاجیکستان ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی بووەوە لە نێوان هێزەکانی لایەنگری حکومەتەکەی ڕاخمون و تێکەڵەیەک لە گروپە ئیسلامی و دیموکرات و ناوچەییەکاندا.

لایەنگرانی ڕاخمون دەڵێن ئەو بووە ئاشتەوایی لە وڵاتە دووبەرەکییەکەدا خستووەتەوە. وێنەکانی سەرۆک بە شێوەیەکی بەرچاو لە شوێنەکاندا هەڵواسراون و لە ژێر وێنەکانیدا بە فەڕمی نوسراوە " دامەزرێنەری ئاشتی و یەکگرتوویی نیشتیمانی."

تاجیکستان لە ڕیزبەندی ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕۆژنامەنووسانی بێسنووردا لە پلەی 155 دایە لە کۆی 180 وڵات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس