خوێندکارە کچەکانی ئەفغانستان ڕێگەیان نادرێت تاقیکردنەوەی وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەنجام بدەن

وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان لە ئەفغانستان فەرمانی بە زانکۆ تایبەتەکانی وڵاتەکە کرد ڕێگە نەدەن خوێندکارە کچەکان تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەنجام بدەن کە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

وەزارەتەکە نامەیەکی ئاڕاستەی دامەزراوەکانی هەرێمەکانی باکووری ئەفغانستان کردووە بە کابوڵیشەوە، بڕیارە تاقیکردنەوەکان لە کۆتایی مانگی دوودا لەو ناوچانەدا بەڕێوەبچن. لە نامەکەدا هاتووە دەڵێت هەر دامەزراوەیەک فەرمانەکە جێبەجێ نەکات ئەوا ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

لە مانگی دوانزەدا وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان فەرمانی بە زانکۆکان کرد ڕێگە بە خوێندنی کچە خوێندکارەکان نەدەن. چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان کارکردنی کارمەندانی ژنانی لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان قەدەغە کرد. زۆربەی خوێندنگا ئامادەییەکانی کچانیش لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە داخراون.

ڕێگریکردن لە کارکردن و خوێندنی کچان و ژنانی ئەفغانی لەلایەن کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتییەوە سەرکۆنە کراوە. دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوەداوە تاڵیبان دەبێت ئاڕاستەکەی لەسەر سیاسەتەکانی بەرامبەر ژنان بگۆڕێت تاوەکو دەرفەتێکی هەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی جیهان بە فەڕمی دانی پێدا بنێن و دۆخە ئابوورییە پەراوێزخراوەکەی لەسەر کەم بکرێتەوە.

وڵاتەکە لە نێوەندی قەیرانێکی قورسی ئابووریدایە، بەشێکی بەهۆی ئەو سزایانەوە کە کاری کردۆتە سەر کەرتی بانکی وڵاتەکە و نەمانی یارمەتییە داراییەکان بۆ پەرەپێدان بە وڵاتەکە، هاوکات ڕێکخراوە مرۆییەکانیش هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی دەیان ملیۆنان هاوڵاتی لە ئەفغانستان پێویستییان بە یارمەتییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز