تاڵیبان داوا لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات دان بە حکومەتی ئەفغانستاندا بنێن

سەرۆک وەزیری حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد دان بنێن بە حکومەتەکەیاندا کە لە مانگی هەشتدا دەسەڵاتی وڵاتەکەیان گرتەدەست.

تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک دانی نەناوە بە حکومەتەکەی تاڵیباندا، وڵاتانی جیهان چاودێری ئەوە دەکەن بزانن تاڵیبان کە لە ساڵەکانی 1996 ەوە بۆ 2001 ناوبانگی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەرکرد ، چۆن ئەمجارە وڵات بەڕێودەبەن.

سەرەڕای ئەوەی ڕابەرانی تاڵیبان بەڵێنیانداوە ئەمجارە نەرمتر حکومڕانی بکەن، بەڵام ئافرەتان بەشێوەیەکی بەرچاو لە کابینەی حکومەت دوورخراونەتەوە، زۆرینەی خوێندنگا ناوەندییەکانیش بۆ کچان بەداخراویی ماونەتەوە.

سەرۆک وەزیری تاڵیبان محەمەد حەسەن ئاخوند لە کۆنفرانسێکدا لە کابوڵ وتی " داوا لە وڵاتانی موسوڵمان دەکەم ڕابەرایەتی بکەن لە دانپێدانان بە حکومەتەکەماندا. دواتر هیوادارم بتوانین بەخێرایی گەشە بکەین."

وتیشی " یارمەتی کەسمان ناوێت. یارمەتیمان بۆ بەرپرسەکان ناوێت."

وتی " دانپێدانەکەمان بۆ خەڵکەکەمان دەوێت." ئەوەشی خستەڕوو تاڵیبان ئەو مەرجە پێویستانەی جێبەجێ کردووە کە پێویستن بۆ ئاشتی و ئاسایشی وڵاتەکە.

ئەفغانستان کە لەسەر یارمەتیە مرۆییەکان دەژی، لەسەر لێواری کارەساتێکی مرۆییە، لەدوای دەستبەکاربوونی تاڵیبانەوە قەیرانەکانی وڵاتەکە خراپتر بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە هەڕەشەی کەمی خۆراکیان لەسەرە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس